حکومەتی عێراق بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی ئیدانە دەکات

حکومەتی عێراق بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی ئیدانە دەکات

پەیامی کورد... حکومەتی عێراق بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی ئیدانە دەکات

وتەبێژی حکومەتی عێراق بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەحبی ئیدانە دەکات و بە پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشیلکردنی سەروەری عێراق وەسفی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشهاتەکەی دوو ڕۆژی ڕابردوو بە مەترسیدار و پێشلکارییەکی ڕەتکراوەی سەروەری عێراق دەزانێت.

وتیشی: “بە توندی ئەو هێرشە ئیدانە دەکەین کە ناوچەی جورفلنەسر (جورفلسەخر)ی بە ئامانجگرت و بە بێ ئاگاداری لایەنەکانی حکومەتی عێراق ئەنجام درا” و بە هەوڵێك بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆی عێراق وەسفیکرد.

عەوادی ڕایگەیاند، تەنها حکومەتی عێراق بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاسا و لێپێچینەوەی سەرپێچیکاران و هیچ لایەنێکی دەرەکی مافی نییە لە بری حکومەتی عێراق ئەو ڕۆڵە ببینێت.

ئەوەشیخستەڕوو کە بۆردومانکردنی پێگەکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنێکی ڕوونی ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە کە خۆی لە مەشقکردن و پێشکەشکردنی ڕاوێژ بە هێزە عێراقییەکاندا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە پابەند بێت بە سەروەریی عێراق و نابێت تاکلایەنە ڕەفتار بکات.

وەك ڕەخنەیەکیش لەو هێرشانەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەیکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، تەنها حکومەتی عێراق بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەت و جێبەجێکردنی و پاراستنی سەقامگیری و بەرگریکردن لە ئاسایشی ناوخۆ، بۆیە هەر چالاکییەکی چەکداریی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئیدانەکراو و دەرچوونە لە یاسا و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ و دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا چەند پێگەیەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییان لە عێراق بۆردومان کرد و بە هۆیەوە زیاتر لە 10 چەکدار کوژران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە