پەیامی کورد... حکومەت سەبارەت بە کچە مۆدێلەکان: ڕێگە نادەین شیرازەی کۆمەڵگا تێک بدرێت
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستگیرکردنی کچە مۆدێلەکان و دەنگۆی ناردنەوەی هەندێکیان بۆ ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوون ڕایگەیاند، «ڕێگە نادەین شیرازەی کۆمەڵگا تێک بدرێت، دەبێت بەپێی یاسا کارەکەیان ڕێک بخرێتەوە».
جووتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەرکی حکومەتە شیرازەی کۆمەڵگا و سیستم و ئادابی گشتیی بپارێزێت، «ئێمە ڕێگە نادەین شیرازەی کۆمەڵگا تێک بدرێت».
لەبارەی ڕێکخستنەوەی کاری کچە مۆدێلەکان و دەنگۆی گەڕاندنەوەی هەندێکیان بۆ ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتوون وتی، «حکومەت ڕێز لە هەموو پیشەیەک دەگرێت، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە ئەو کارە ڕێک بخرێت و بەرژەوەندیی گشتی و ئازادیی تاک و کۆمەڵگا ڕەچاو بکرێت، ئێمە هیچ کەسێکمان بۆ وڵاتی خۆی نەناردووەتەوە».
وتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە، کە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق مامەڵە لەگەڵ پرسی کچە مۆدێلەکان دەکەن، وتی، «یاسای دیجیتاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان نییە، تەنیا یاسای سزاکان هەیە، بۆیە ئێمە بەپێی یاسا کار دەکەین و ڕێگە بە کاری نایاسایی نادەین».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە