پەیامی کورد ... هاووڵاتییەکی کورد به هۆی تەقینەوەی مین گیانی لە دەست دا
بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتییەکی کورد بە سەختی بریندار بوو و لە کاتی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی ڕۆژی شەممە ٢١ی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بە هۆی تەقنیەوەی مینێک لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ هاووڵاتییەک بە ناوی عەزیز ڕوونەما تەمەن ٤٢ ساڵ بە سەختی بریندار بووە و لاقێکی لە دەستدا کە لە کاتی گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەزیز ڕوونەما خەڵکی گوندی پولێ سەر بە شاری شنۆ لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە شوێنێک بە ناوی ”هەواری ئێسک“ چووەتە سەر مین.
ڕۆژی دووشەممەی حەوتووی ڕابردووش هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت چووە سەر مین و بە سەختی بریندار بوو کە دوای گوازرانەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە به هۆی سەختی بریندارەکانیەوە گیانی لە دەست دا.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوو (خەزەڵوەر)، لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە کەسێکیان گیانی لە دەست داوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە