پەیامی کورد ... حکوومەت ئاگادارییەک ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکات
جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان ووتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی پلە باڵا كردووە و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلای دەكاتەوە و ئەنجامەكەی رادەگەێنێت. دەشڵێ: "حكوومەت لە مانگی دوودا دووەم ڕاپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەكات".
موستەفا سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "پرۆسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان لە لایەن كابینەی نۆیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و تا ئێستا لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٢٦ھەزار مووچەی نایاسایی بڕدراوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتێكی باش بۆ حكوومەت بگەڕێتەوە و چەندی مووچەی نایاسایی ببڕدرێت، داھاتی زیاتر بۆ ھەرێم دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو چاكسازییەی حكوومەت دەستی پێكردووە، زۆر گرینگە و رێكخستنەوەی داھاتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستانە".
سەعید ووتیشی: "ئێستا كار لەسەر فایلی خانەنشینانی پلە باڵا دەكرێت، كە سەرووی ھەزار پلەیە و فایل بە فایل پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت و ھەر خانەنشینێكی پلە باڵا بە حەقی خۆی خانەنشین نەكرابێت، جا بە پلەی لیوا بێت یاخود ھەر پلەیەكی دیكەی باڵا بێت، مووچەكەی دەبڕدرێت، بۆیە بە چڕی كاری تێدا دەكرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا یەكلایی دەكرێتەوە و ئەنجامەكەی ڕادەگەیەندرێت، چوونكە حكوومەت بڕیاری داوە لە ھەموو سێكتەرەكان چاكسازی بكات و بەردەوامیش دەبێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "حكوومەت بڕیاری داوە پەرلەمان لە ھەموو چاكسازییەكان ئاگادار بكاتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا راپۆرتی سێ مانگی بۆ پەرلەمان بە ھەموو وردەكارییەكانەوە ڕەوانە كرد و بڕیارە لە مانگی دووشدا راپۆرتی دووەم بۆ پەرلەمان رەوانە بكات، ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە كە پەرلەمان ئاگاداری كار و چاكسازییەكانی حكوومەت بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە