حکوومەت جیددی یەتێكی تەواوی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی ھەیە و بە ھیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت

حکوومەت جیددی یەتێكی تەواوی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی ھەیە و بە ھیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت

پەیامی کورد     ...    دەستپاکی هەرێمی کوردستان : حکوومەت جیددی یەتێكی تەواوی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی ھەیە و بە ھیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت .

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كاری باشی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كردووە و زۆریش جیددییە لە جێبەجێكردنی. دەشڵێ: "مانگی داھاتوو دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە دەكرێت و ئێمەش چەندین تیممان بۆ چاودێریكردن پێك ھێناوە".

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "كاری ئێمە چاودێریكردنی كەرتی گشتییە و ھەر سەرپێچییەك ھەبێت لە ھەر بوارێكدا، جا لە پلە باڵاكان بێت یاخود خانەنشینی یان فەرمانبەران یانیش ھەر پرسێكی دیكە، ئەركی ئێمەیە بەدواداچوونی بۆ بكەین و لە یاسای چاكسازییشدا پێویستە رێكار وەربگیرێت دەرهەق بەو كەسانەی كە دەبنە لەمپەر لە بەردەم یاساكەدا كە جێبەجێ بكرێت، ئێمە چەندین تیممان دروست كردووە و لە رێگەی نووسراوێكەوە گشتاندن بەسەر ھەموو دام ودەزگا حكوومییەكانیش دەكەین، بۆ ئەوەی ھەر تیمێك لەوانە، چاودێری پرسێك لە چاكسازی بكات و ھاوكاری حكوومەت بێت، تیمیش ھەیە تایبەتە بە خانەنشینی و ھەیە تایبەتە بە پلەبەرزكردنەوە و ھەشە تایبەتە بە پلە باڵاكان".

ناوبراو گوتیشی: "بڕیارە لە مانگی داھاتوو لە ٧/٧ یاسای چاكسازی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و، ئێمەش دەست بە چاودێریكردنی یاساكە دەكەین، كە حكوومەت جێبەجێی دەكات".

ئەنوەر ڕوونیشی كردەوە: "لەلایەن حكوومەتەوە جیددییەتێكی تەواو بۆ جێبەجێكردنی یاساكە ھەیە، چونكە زۆرینەی رێكارەكانی بڕیوە و لە پەرلەمان پەسەند كراوە و لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیە ئیرادەیەكی باش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە ھەیە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ئەوەشی خستە ڕوو: "تا ئێستا ئەو ژمارانەی دەووترێن ھیچیان ڕاست نین و ھەمووی تەنھا قسەیە و حكوومەت وادەیەكی دیاریكراوی بۆ ھەموو وەزارەتەكان داناوە، بۆ ئەوەی ووردبینی لە ناوەكان بكەن، تا بزانن كێ نایاسایی و كێ یاساییە، بۆیە ھەر كاتێك تەواو بوو، ئەوكات دیار دەبێت".

دەشڵێ: "بە ھیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی فەرمانبەران ناكرێت و جگە لە مووچەی ئەوانەی نایاسایین، چونكە ئەو یاسایە دەردەكرێت خۆی بۆ ئەوەیە كە عەدالەت درووست ببێت، نەك مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە