پەیامی کورد ... حکوومەت پڕۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمان دەکات
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ووتی، دوای پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتی عێراق و دیاریکردنی پشکی ھەرێم، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو یاسایە پڕۆژەیاسای بوودجەی ھەرێم ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.
ئەرشەد حسێن ، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ لیژنەی دارایی کۆ بووەوە و تێیدا نووسراوێکی فەرمیمان بۆ وەزارەتی داراییی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کرد بۆ ئەوەی بە زوویی پڕۆژەیاسای بوودجە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، چوونکە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی خۆی پەسەند کردووە و پشکی ھەرێمی کوردستانیشی دیاری کردووە."
ئەرشەد حسێن ووتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بوودجەی خۆی ئامادە کردووە و چاوەڕێی میکانیزمی ناردنی بوودجە لە بەغداوە دەکەن، چوونکە حکوومەتی ھەرێم بەپێی ئەو پشکەی لە یاسای بوودجەی گشتی عێراقدا ھاتووە پڕۆژەیاسای بوودجەی خۆی بۆ پەرلەمانی ڕەوانە دەکات."
حسێن باسی لەوەش کرد: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقی دەکرد و ئێستاش ئەوە پەسەند کرا، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکات."
ئەمڕۆ بەپێی ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی کۆ بوونەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی بوودجەی ھەرێمەوە کرا و باس لەوە کرا بڕیارە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی بوودجەی ھەرێم بکرێت .
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بوودجە کرا، بەتایبەت پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق و ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا .
ئەوەش خرایە ڕوو کە وەزیری پلاندانان باسی لەوە کرد، حکوومەت ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی مووچە و باشکردنی بار و ژیانی ھاووڵاتیان و لەژێر ڕۆشناییی ئامادەکارییەکاندا بوودجەی ھەرێم کاری لەسەر کراوە و داوای خستنەڕووی پێشنیار و تێبینییەکانیشی کرد بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە