پەیامی کورد... حەوت مەرزی دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنە فەرمی
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەڵێت، لە ئێستادا سێ مەرزی فەرمی لە نێوان هەرێم و ئێران هەن، بۆ ئەوەی جووڵەی گەشتیاری و بازرگانی زیاتر بێت، بڕیارە حەوت مەرزی دیکەش بکرێنە فەرمی.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی،بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران رایگەیاند، لە ئێستادا جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر باشە و بەردەوام بە هەماهەنگی ئاسانکاریی زیاتر دەکرێت، چونکە ئامانجی هەردوو لایە هەم جووڵەی بازرگانی و هەمیش جووڵەی گەشتیاری زیاتر بکرێت وەکو ساڵانی پێشوو، بۆیە دوایین ئاسانکاریش هەڵگرتنی ڤیزا بوو لە نێوان هەرێم و ئێران.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا کار دەکرێت بۆ ئەوەی مەرزە نافەرمییەکانیش بکرێنە فەرمی، جگە لەو سێ مەرزە فەرمییەی کە لە نێوان هەرێم و ئێران هەن، حەوت مەرزی دیکەی نافەرمییش هەن، کە دووانیان دەکەونە سنووری گەرمیان، دوو مەرزی دیکەش دەکەونە سنووری چۆمان، یەکێکیش دەکەوێتە سنووری قەڵادزێ و یەکێکیش لە سنووری هەورامان و ئەوەی تریش لە سنووری سیدەکانە.
وتیشی، ئێران بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر ئەو مەرزانە داوە و تەنها رەزامەندیی عێراق ماوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین شاند سەردانی ئەو مەرزانەیان کردووە و حکوومەتی هەرێمیش کار دەکات هەرچی مەرج و پێویستییە بۆ ئەو مەرزانە جێبەجێی بکات.
سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە