پەیامی کورد ... نەخۆشییەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد زیاتر پەرە دەسێنێت و بە تەواوی توانای قسەکردن و بیرکردنەوە و بڕیاردانی سیاسی لەدەست دەدات، بەو هۆیەشەوە پاڤێڵ تاڵەبانی، دەسەڵاتەکانی دایکی بەکار دەهێنێت.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان، لەم ماوەی دواییدا ڕەوشی تەندرووستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهۆی نەخۆشی " ئەلزەهایمەر "ەوە یەکجار خراپ بووە و توانای بڕیاردانی سیاسی و تەنانەت قسەکردن و ناسینەوەی خەڵکیشی نەماوە، بۆیە چیتر ناتوانێت لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بەشداری بکات.
بەو هۆیەوە پاڤێڵ تاڵەبانی بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی فەرمی سەرکردایەتی یەکێتی هەبێت، دەسەڵاتەکانی دایکی بەکار دەهێنێت و لەمەودوا لە سەرجەم کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیدا خاوەن بڕیار دەبێت.
دوایین دەرکەوتنی هێرۆ ئیبراهیم، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بوو لەسەر گۆڕی جەلال تاڵەبانی هاوسەری کە کەناڵێکی یەکێتی لێدوانی لە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی حزبەکە وەرگرت و هێرۆ ئیبراهیمیش وەستابوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قسەی نەکرد و هیچ کاردانەوەیەکیشی بەرامبەر ئەو وەسفانەی مەلا بەختیار نەبوو کە بۆ هێرۆ ئیبراهیم دەیکرد.
پێشتر مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیاندبوو، پاڤێڵ تاڵەبانی لە جێگەی دایکی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا دەکات، چوونکە دایکی نەخۆشە.
نەخۆشیی ئالزهایمەر، نەخۆشییەکی بەشی مێشکە کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانەکانی مێشک، بەو هۆیەشەوە کێشە لە بیرەوەری و بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤ درووست دەبێت، بە تووندیش کاریگەری لەسەر کارەکانی ژیانی ڕۆژانەی نەخۆش دەکات. لەمڕۆدا نەخۆشی ئەلزەهایمەر بە شەشەمین هۆکاری سەرەکی مردن لە جیهان دادەنرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە