پەیامی کورد ... هەر کەسێک مووڵەتی بازرگانییەکەی بۆ دەڵاڵی بە کارهێنابێت ئەم بڕیارەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت
وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێداچوونەوە بە ڕێكار و ڕێنماییەكانی پێدانی مۆڵەتی بازرگانی بە هاوردە و هەناردەكاران لە هەرێمی كوردستان دەكات، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، لە ئێستادا تەنها مووڵەت بەو كەسانە دەدرێت كە سەرمایەدار و بازرگانی فیعلین.
موستەفا شێخ عەبدۆلڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی كوردستان، ڕایگەیاند: "ساڵانە وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە پێدانی مووڵەت (پێناسی) بازرگانی بۆ بازرگانان و سەرمایەداران و یاخود ئەو كەسانە دەكات، كە دەیانەوێت كاری هاوردە و هەناردە لە نێوان هەرێمی كوردستان و ووڵاتانی دیكە بكەن، كە بەپێی بڕیارە نوێیەكە، هەر بازرگانێك بیەوێت ببێتە خاوەنی مووڵەتی هاوردە و هەناردە و كاری بازرگانی بكات، دەبێت ڕەزامەندی و پشتگیری ڕێكخراوی یەكێتی هاوردە و هەناردەكاران و ژوورە بازرگانییەكانی كوردستانی هەبێت".
دەشڵێ: "ساڵانی ڕابردوو ڕوڵی كەمتر بە ئێمە درابوو لەم نێوەندەدا، بەڵام ئێستا رۆڵی باشمان پێ دراوە، ئەمەش بۆ خۆی گرینگە و خزمەت بەو سیاسەتە دەكات كە ئێستا كابیەنەی نۆیەم لە بەبەتی پێشخستنی لایەنی ئابووری و سەرمایەگوزرای پەیڕەوی دەكات، چوونكە ئێمە بیرمان نەچێت ڕێكخراوە ئابوورییەكان ڕۆڵی گرینگیان لە هاوكێشە ئابوورییەكان و داڕشتنی سیاسەتی هەر وڵاتێكدا هەیە، لە نێوشیاندا ڕێكخراوی هەناردە و هاوردەكاران".
عەبدۆلڕەحمان ووتیشی: "بە هۆی كارئاسانیكردن لە پێدانی مووڵەتی بازرگانی، رۆژ بە رۆژ قەبارە و گەشەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرە دەسێنێت، بۆ نموونە ئێستا نزیكەی ١٠ هەزار ئەندام خاوەنی مۆڵەتی بازرگانین و حەوت هەزاریان بە كردەیی شمەك و كاڵا هاوردە دەكەن، بە تایبەتی ئەو ڕێككەوتنەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان وەزارەتی كشت وكاڵی هەرێم و بەغدا كراوە، یەكێك بوو لە هەنگاوە گرینگەكان و وادەكات بابەت هاوردەكرنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە نێوان هەردوولا خێراتر بكات، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گرنگیی تەواومان بە ئاست و كوالیتی هەموو ئەو شمەك و كاڵایەنە داوە كە هاوردە كراون، چ لە ڕووی نرخ یاخود جۆرەكەی بێت."
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و و هەناردەكارانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "پێداچوونەوە بە پێدانی هەموو ئەو مووڵەت و پێناسە بازرگانییانە دەكەین، كە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بازرگانان كراون، كە ئەگەر دەركەوت هەر كەسێك بەدەر لە ڕێنماییەكان كاڵای هاوردە كردبێت و سوودی لەو رێگەپێدانە بازرگانییە وەرگرتبێت و بۆ دەڵاڵی بەكاری هێنابێت، دەخرێتە لیستی ڕەشەوە."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە