پەیامی کورد ... هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات ٥٠ هەزار تاکوو ٥ میلیۆن دینار سزا دەدرێت
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا گرانفرۆشی نەكرێت، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەكان زیاد دەكەن، ئەوەشی نرخ بەرز بكاتەوە، لە دەسەڵاتی وەزارەتە بە بڕی ٥٠ هەزار تا ٥ ملیۆن دینار سزای بدات.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند: "بە مەبەستی ڕێكخستنی نرخەكان و ڕێگریكردن لە گرانفرۆشی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ زیاد دەكەین و رۆژانەش بەپێی بەرنامەیەكی ئامادەكراو لە زۆربەی ماركێت، مۆڵەكان و ئەو شوێنە گشتیانەی كە هاووڵاتیان ڕووی تێدەكەن بە مەبەستی دابینكردنی شت و مەک و كاڵاكانیان، چاودێرییەكی ووردی بازاڕەكان دەكەن و ئەگەر دەركەوت هەر فرۆشیارێك نرخی بەرز كردبێتەوە یان كاڵای خراپ و بەسەرچوو بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، كە لە ٥٠ هەزارەوە دەست پێدەكات تا ٥ ملیۆن دینار".
شێخ كامیل ووتیشی: "بەپێی سەرپێچییەكان، سزاكان دەگۆڕێن، سزاكانیش زیاتر ماددی و پێبژاردن و داخستنە، ئەگەر سەرپێچییەكەش زۆر گەورە بێت، ڕووبەڕوی دادگا دەكرێتەوە، كە چاوپۆشی لە هیچ كەس و لایەنێك ناكرێت، بۆیە پیویستە فرۆشیاران و بازرگانان پابەندی ڕێنماییە كارپێكراوەكان بن".
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا: "چاودێریكرنی بازاڕەكان لە ڕێگەی زیادكرنی تیمە گەڕۆكەكانەوە دەبێت بۆ بازاڕ و ناوەندەكانی فرۆشتن، چوونكە ئێستا مانگی رەِمەزانە و لە هەر كاتێكی تر زیاتر هاووڵاتیان سەردانی بازاڕكان دەكەن، بۆیە رەِنگە كەسانێك هەبن دۆخەكە بقۆزنەوە و گرانفۆشی بكەن".
ڕوونیشی كردەوە: "ڕێگە نادرێت بە ناوی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، نرخەكان لەڕادەبەدەر بەرز بكرێنەوە، چوونكە بەپێی یاسا، بە تووندی ڕووبەڕووی ئەو كەسانە دەبینەوە كە پەنا بۆ كارێكی لەم شێوەیە دەبەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە