پەیامی کورد ... بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، لە وەزارەتی گواستنەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، پڕۆژەیەك بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان ئامادە كراوە، كە ھەموو شارەكانی ھەرێمی كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە.
سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە وەزارەتی گواستنەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێمە، پڕۆژەیەك ئامادە كراوە بۆ ئەوەی هێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان درووست بكرێت".
ئامێدی هەروەها گوتیشی: "بە ھۆی نەبوونی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستان، تووشی زۆر كێشە بووین، چوونكە لە ووڵاتان كاتێك شەقامێك نۆژەن دەكرێتەوە، شەمەندەفەر وەك جێگرەوە بەكار دێنن و كێشە بۆ ھاتووچۆ دروست نابێت، تاوەكو بە ئارەزووی خۆیان شەقامەكە تەواو دەكەن، بۆیە بیر لەوە كراوەتەوە هێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی كوردستانیش درووست بكرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەگەر ئەو هێڵی شەمەندەفەرە لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێت، ھەموو شارەكانی كوردستان پێكەوە دەبەستێتەوە، ئێستاش پڕۆژەیە و جێبەجێكردنەكەی دەكەوێتە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە