پەیامی کورد ... هێشتا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو باندە دەستیپێنەکردووە کە لە سلێمانی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاریان دزی.
باندێک رۆژی 12-3-2019، لە سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ئەو ئۆتۆمبێلەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شاری تێدابوو، پاشان دەستیان گرت بەسەریدا و بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەکەیان دزی، دواتر دەستگیرکران، کەچی تائێستا دادگایی نەکراون.
حاکم عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ دۆسێی ئەو تۆمەتبارانە لە دادگای تاوانەکانی سێی سلێمانی بوو، هۆکاری دادگایینەکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ حەوت لەو تۆمەتبارانە داوایانکردووە دادگاییکردنەکەیان بگوازرێتەوە بۆ دادگایەکی دیکە جگە لە دادگای سلێمانی، ئێستا دۆسێی ئەوانە لە دادگای تەمیزە بۆ ئەوەی بڕیار بدات، کە لە چ دادگایەک دادگایی بکرێن.
گوتەبێژی دادگای سلێمانی، گوتیشی ئەو حەوت تۆمەتبارە دانیانناوە بەوەی، ژنە کارمەندێکی نەخۆشخانەکە هاوکاریان بووە و، بڕیاروایە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، ئەو ژنە کارمەندە لە دادگای سلێمانی دادگایی بکرێت، چونکە تەنیا ئەو داوای گواستنەوەی دادگاییەکەی بۆ دادگای دیکە نەکردووە.
ئەو هەشت کەسە، بە مادەی 442ـی سزادانی عێراقی راگیراون، کە تایبەتە بە دزیکردنی گەورە و بەکۆمەڵ و سزاکە لە 15 ساڵ زیندانیکردن زیاتر نییە، بە گوتەی حاکم عومەر ئەحمەد، دەکرێت ئەو ماددەیە لەکاتی دادگاییکردندا بگۆڕێت.
بەگوێرەی ماددەی 181ـی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی، ماوەی راگرتن بریتییە لە 15 رۆژ بۆ کەسی تۆمەتبار، ئەو ماوەیە شیاوی درێژکردەنەوەیە بۆهەمان ماوە، ئەگەر بە پێوست زانرا بۆ مانەوەی تۆمەتبار.
هەروەها بە گوێرەی ماددەکە مەرجاکانی راگرتن ئەمانەن:
1- بۆ یەکەمجار و بۆ هەر درێژکردەنەوەیەک، پێوستە بە فەرمانی دادوەر بێت.
2- نابی ماوەی راگرتن لە یەک لەسەر چواری سزای بڕیاردراو بۆ تاوانەکە زیاتر بێت.
3- نابێت بەهیچ شێوەیەک ماوەی راگرتن زیاتربێت لە شەش مانگ، ئەگەر لەو ماوەیە زیاتربوو، ئەوا ئەو بارودۆخە دەخرێتە بەردەم دادگای سزای بە مەبەستی مۆڵەتدان بە درێژکردەنەوە، ئەویش یان بڕیاری درێژکردنەوە دەدات بە مەرجێک نابێ لە یەک لەسەر چواری سزای بڕیاردراو بۆ تاوانەکە زیاتربێت، ئەگەر لەو ماوەیە زیاتر بوو ئەوا دادگا بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبار دەدات جا بە کەفالەت بێت یان بێ کەفالەت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە