پەیامی کورد ... حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ٣٣ یەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی دکتۆر قاسملوو پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
▪️بە بۆنەی ساڵوەگەڕی تیرۆر و شەهیدکردنی دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەڕ، ناوەندی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە:
▫️٢٢ی پووشپەڕ بەرانبەر بە ١٣ی ژووییەی زایینی وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژێکی تاڵ و زامێکی قووڵ و بەژان بۆ کورد و غەدرێکی گەورە و جینایەتێکی سامناک و لەبیرنەکراوی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەی کوردە.
▫️ڕێژیمی ئیستبدادی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە جیابیران لەسەر بناخەی لەنێوبردن و تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن داڕشتبوو و لە سیاسەت و باوەڕی پتەوی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات بە دیالۆگ و ڕێگەچارەی دێموکراتیک و سیاسی پرسی کورد لە ئێراندا ئاگادار بوو، ئەوەی وەک دەرفەت بۆ ڕاکێشانی دوکتور قاسملوو بۆ سەر مێزی وتووێژ قۆستەوە و بە تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، دڵڕەشی و دوژمنایەتیی بێسنووری خۆی بەرانبەر بە ماف و ئازادیی نەتەوەی کورد بە دنیا نیشان دا.
▫️ڕێژیمی دواکەوتوو و ئیدئۆلۆژیکی ئێران ئێستاش تێنەگەییوە کە نەتەوەی کورد بڕوای بە خەباتی ڕەوا و دێموکراتیکی خۆی هەیە و بڕیاری داوە هەتا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی لە تێکۆشان و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت، دیکتاتۆری سەرکوتکەر بەچۆکدا دێنێت و جێژنی ڕزگاربوون لە ژێردەستی دەگرێت
▫️بارودۆخی ئەوڕۆی ئێران لە ساڵەکانی پار و پێرار و پێشووتر شێواو و شپرزەتر بووە. قەیرانە نێوخۆییەکان لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئەمنییەتی، گرانیی هەوسارپچڕاو، بێکاری، هەژاری و دیاردەی برسیەتی، قەیرانی ناکارامەیی، قەیرانی ئیدئۆلۆژیک و مەشەڕووعییەتی سیاسی و مەزهەبیی ڕێژیم، گەندەڵیی حکوومەتی هاوکات لەگەڵ قەیرانی پێوەندی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و دەرەوەی ناوچە، بە شێوەیەکی باوەڕنەکراو پەرەیان سەندووە و ڕێژیم لە وڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داوخوازەکانی خەڵک داماوە.
▫️خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەوڕۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران ئیدی بۆ ژیانی خۆشتر و باشتر نییە، بەڵکوو بۆ لە ژیاندامانەوە و لەبرسان نەمردنە. گرانی و هەژاریی وەها پەرەی سەندووە کە لە کۆنترۆڵی ڕیژیمی گەندەڵ و ناکارامە دەرچووە. زۆرینەی خەڵک توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی نییە.
▫️کۆمەڵگای ئێران بەرەو تەقینەوە و ڕاپەڕین دەڕوا و وێناچێ پێشی پێ بگیرێ. بەڵام نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و بەهێز هەروا خاڵی لاوازی خەڵک و هێزەکانی دژبەری ڕێژیمە.
▫️بەرخۆدان لە پێناو ماف و سەربەستی، ئێستاش، ٣٣ ساڵ دوای شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، لە هەموو ڕەهەند و شێوەکانی خۆیدا درێژەی هەیە و گەلی کورد و حیزبەکانی، بە یەکگرتوویی و خەباتی هاوبەش، هەتا گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی دوکتور قاسملوو و شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ئازادی، بەردەوام دەبن
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە