سەرۆکی پێشووی پارتی کۆماریی گەل "جەهەپە"، زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە کارەساتی یاسایی بۆ تورکیا ناودەبات و دەڵێت، ئەردۆغان، دەمیرتاشی لە زینداندا هێشتووەتەوە.
کەماڵ کڵجدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی "جەهەپە"، لە دیمانەیەکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، هێشتنەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زینداندا، کارەساتێکی یاساییە.
کڵچدارئۆغڵو، لەبارەی هۆکاری زیندانیکردنی دەمیرتاشیش دەڵێت، تەنیا لەبەرئەوەی دەمیرتاش بە ئەردۆغانی گوت "ناهێڵین ببیتەوە بە سەرۆککۆمار"، ئەردۆغان بەتایبەت دەمیرتاشی لە زینداندا هێشتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی بۆ بینینی دەمیرتاش سەردانی زیندانی ئەدیرنە دەکات.
سەرۆکی پێشووی جەهەپە باسی لەوەشکردووە، بابەتەکە تەنیا دەمیرتاش نییە و عوسمان کاڤاڵا و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش لە زینداندانن و ئەردۆغان و حکومەت ئامادەنین بڕیاری دادگای دەستووریی تورکیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی ئەم کەسانە جێبەجێبکەن.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لە چوارچێوەی دۆسییەی کۆبانێ، سزای 42 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە