فەڕانسا و عێراق سێ یاداشتیان واژۆکرد

فەڕانسا و عێراق سێ یاداشتیان واژۆکرد

پەیامی کورد ... فەڕانسا و عێراق سێ یاداشتیان واژۆکرد

 

وڵاتانی عێراق و فەرەنسا سێ یاداشتی جیاجیان لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و فێرکردن واژۆ کرد.

 

لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جان کاستیکس سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، سێ یاداشتی لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و فێرکردن لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە واژۆ کردووە.

 

بەگوێرەی بەیاننامەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەل وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی فەڕەنسا، یاداشتێکیان واژۆ کردووە بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات، لەپێناو بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.

 

بەگوێرەی یاداشتەکە هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی و شارەزایی دەکەن لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ڕاهێنان و فێرکردن و بواری ڤێتەرنەری و تەندروستی  ڕوەک و توێژینەوە کشتوکاڵییەکان.

 

هاوکات وەزیری گواستنەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی یاداشتیکیان واژۆ کردووە سەبارەت بە دروستکردنی شەمەندەفەری هەڵواسراو لە بەغدا.

 

لە بواری فێرکردنیش عێراق و فەرەنسا لەسەر یاداشتێک ڕێککەوتوون، کە لەمەودوا بواری زیاتر دەدرێت بە خوێندکاری عێراق بۆ خوێندن لەزانکۆکانی فەرەنساو بەهێزکردنی  بواری فێرکردن لە نێوان هەردوولادا.

 

دوێنێ یەکشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەچوارچێوەی ئەو سەردانەی بۆ ئەوروپا، بڕیارە سەردانی بەریتانیا و ئەڵمانیاش بکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە