سەرۆک بارزانی شەڕی براکوژی بە حەرام ڕاگەیاندووە

سەرۆک بارزانی شەڕی براکوژی بە حەرام ڕاگەیاندووە

پەیامی کورد     ...   سەرۆک بارزانی شەڕی براکوژی بە حەرام ڕاگەیاندووە

''شەڕی براکوژی حەرامە، نابێ کورد بە دەستی کورد بکوژرێ''، ئەمە قسەی سەرۆک و ڕیبەڕی کوردان، سەرۆک بارزانییە دەربارەی شەڕی کورد و کورد، بۆیە حزبە سیاسییەکان پەیامێکیان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە و سوپاسی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەکەن و دەڵێن، سەرۆک بارزانی بەپێی تەجروبەی سیاسی و شۆڕشگیڕی، بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی لە پێش هەموو شتێک داناوە.

لە کۆتا کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەرۆک بارزانی بە ئەندامەکانی فراکسیۆنەکەی ڕایگەیاندبوو، ''هیچ جارێک خوێنی کورد بە دەستی کورد ناڕژێت و شەڕی براکوژیم حەرام کردووە''. لەو بارەیەوە موستەفا ئۆزجەلیک، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان دەڵێت: ''سەرۆک بارزانی لە ئەنجامی ئەزموونێکی گەورە و دەوڵەمەند و بە هزر و بیر و هۆشمەندییەکی گەورەی نەتەوەیییەوە گەیشتووە بەو قەناعەتەی کەوا شەڕی براکوژی و نێوخۆییی حەرام کردووە و، دەبێ هەموو لایەنێک ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی بکاتە ڕێباز و پەیام و بناغە بۆ هەموو کوردستانییان.''

'' ئاشکرایە هەندێک لایەن ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانییان بۆ خۆیان بە دەرفەت زانیوە و دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەکاری بێنن، تەجروبەی گەلی کورد ئەوەی ئیسبات کردووە کە هەمیشە شەڕی کورد خزمەتی بە دوژمانی کورد کردووە، دەبێ هەموو لایەنێک بە ژیری و ئەقڵانی کار بکەن و دەبێ هیچ لایەنێک ئەو ئاگرە خۆش نەکات، بۆیە دەبێ هەموویان بەرپرسیاریەتیی ئەوەیان لە بەرچاو بێت کە ئەم هەوڵانە زیان بە دەستکەوتەکانی کورد لە باشوور و نزیکبوونەکانی لایەنەکانی کورد لە ڕۆژئاڤا و هەوڵە ئازادییخوازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات دەگەیەنێت.'' ئۆزجەلیک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان وای گوت.

لە لایەیکی ترەوە، ڕەشید ئاکیجی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری کرد: "پەیامی سەرۆک بارزانی پەیامێکی بەجێیە و هەموو لایەنێک دەزانێت سەرۆک بارزانی ڕیگە بەو کارە نادات و هەمووشیان ئاگادارن سەرۆک بارزانی ئەم کارەی حەرام کردووە، بەڵام دەبێ پەکەکە و هاوئاوازەکانی سەروەریی کوردستان قبووڵ بکەن".

ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەبێ پەکەکە لەجیاتی شەڕفروشییەکانی، ڕیز لەو پارچەیەی کوردستان بگرێت کە بە خوێن ڕزگار بووە. بەڵام پەکەکە ڕێگا نادات و سنوور دەرباز دەکات و دەیەوێت شەڕ لە دژی کورد بکات، بەڵام هەڵوێستی سەرۆک بارزانی هەڵوێستێکی گەورەی کوردایەتییە بۆ ڕاوەستانی و حەرامکردنی شەڕ."

هاوکات، سینان چەفتیۆرک، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان لە باکووری کوردستان، ڕایگەیاند : ''دەبێ پەکەکە ڕێز لە دامەزراوەکانی حکوومەتی کوردستان بگرێت لەوانەش پەرلەمان و حکوومەت، بۆیە ئێمە داوامان لە پەکەکە کردووە و دەبێ کێشە بۆ کورد دروست نەکات و، ئاگری شەڕ خۆش نەکات.''

ووتیشی: ''ئەم شەڕە زیان بە هەوڵەکانی نزیکبوونەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکە دەگەیەنێت و لە شەنگالیش كێشە دەنێتەوە، بۆیە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی هەڵوێستیكی گەورەیە و هەر ئەوە لە سەرۆک بارزانی چاوەڕوان دەکرا، چونکە سەرۆک بارزانی دەزانێت زیانی شەڕی براکوژی چەند گەورەن و زیان بە دۆزی کورد دەگەیەنێت."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە