پەیامی کورد ... یاسایەک لە هەرێمی کوردستان هەموار دەکرێتەوە
ماوەی چەند ساڵێکە کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتی دەکرێت و ئەندامێکی داواکاری گشتی یش پێی وایە، دوای ھەموارکردنەوەی یاساکە، ڕۆڵی داواکاری گشتی زیاتر دەبێت.
د. محەمەد ڕێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی ، ڕایگەیاند: "پڕۆژە پێشنیازێک لەلایەن ڕێکخراوی ئەمریکی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتی ئامادە کراوە و بۆچوونی دادوەرانی داواکاری گشتی یش لە ھەموو ھەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەڵام ھێشتا پڕۆژەکە نەبووەتە پڕۆژەیەکی فەرمی، لەگەل ئەوەشدا خاڵی زۆر بەھێزی تێدایە بۆ ئەوەی دەسەڵات و ڕۆڵی زیاتر بە دەزگای داواکاری گشتی بدرێت، تا داواکاری گشتی وەک پێویست ڕۆڵی ھەبێت.''
ئەندامەکەی داواکاری گشتی دەشڵێت: "یاسای داواکاری گشتی لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ دەرکراوە و لە ھیچ ووڵاتێکی جیھان، تەنانەت عێراق خۆشی جێبەجێی ناکات و ساڵی ٢٠١٧ یاسایەکی نوێی بۆ داواکاری گشتی دەرکردووە.''
د. محەمەد ڕێکانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە یاسایەکی نوێ و سەردەمیانە ھەیە بۆ داواکاری گشتی، ئەگەر یاساکە ھەموار بکرێتەوە ئەوکات داواکاری گشتی دەتوانێت زیاتر کارا بێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، بەتایبەتی لە چاودێریی دادوەران و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئێمە وەک ئەندامانی داواکاری گشتی ھیچ کێشەیەکمان نییە کە داوای ھەموارکردنەوەی یاسا دەکەین، تەنیا دەمانەوێت زیاتر کار بۆ خزمەتی گشتی بکەین.''
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە