پەیامی کورد … کودەتا لە مالی و دەستگیرکرانی سەرۆکو سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە
ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە کودەتایەکی سەربازیدا لە مالی، سەربازانی ئەو وڵاتە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی مالییان دەستگیرکردووە و نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقاش ئیدانەی کودەتاکە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان دەکەن .
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، درەنگانی ئەمشەو، 'باهـ نداو'ی سەرۆکی مالی، 'مۆکتار کوانی' سەرۆک وەزیرانی مالی و 'سولەیمانی دواۆکۆر'ی وەزیری بەرگری لەکودەتایەکی سەربازیدا دەستگیرکران و لەبنکەیەکی سەربازی لەناوچەی 'کاتی' لەدەرەوەی شاری 'باماکۆ'ی پایتەخت دەستبەسەرکراون، و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هێنایەکایەوە .
لەبارەی کودەتاکەوە، ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەفریقا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختییان لە ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی مالی کردەوە و ئاماژەیان بەوەشکرد، "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو جۆرە دەسەڵاتێک رەتدەکاتەوە کە لەرێگەی هێزەوە خۆی بسەپێنێت ".
سەرباری ئەوەش، هەریەکە لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و جەمسەری هەرێمیی ئەفریقای رۆژئاواش، واژۆیان لەسەر راگەیەندراوە هاوبەشەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقا کردووە .
ئەم کودەتایای مالی لەکاتێکدایە تەنها نۆ مانگ بەسەر کودەتایەکی دیکەدا تێپەڕدەبێت کە تیایدا هەریەکە لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی دەستگیرکراوی ئێستا، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و تیایدا سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی مالی و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی دیکەی حکومەتیان دەستبەسەرکرد، بەڵام دواتر لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ئازادکران .
کۆماری مالی، دەکەوێتە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقاوە و هەشتەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە، دانیشتوانەکەی بە١٩،٦٦ ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت و زمانی فەرمی وڵاتەکەش زمانی فەڕەنسییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە