ئەمریکا خەڵاتی داناوە بۆ زانیاری لەسەر ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان

ئەمریکا خەڵاتی داناوە بۆ زانیاری لەسەر ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان

پەیامی کورد... ئەمریکا خەڵاتی داناوە بۆ زانیاری لەسەر ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ئەمریکا خەڵاتێکی ١٠ ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی ناسینەوە و ئاشکراکردنی شوێنی ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان سەناوڵڵا غەفاری، هەروەها ١٠ ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەرپرس بوون لە تەقینەوەکەی مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢١ لە فڕۆکەخانەی کابول.

ڕێکخراوی داعشی هەرێمی خۆراسان لقێکی سەر بە ڕێکخراوی داعشە و سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەرکەوت. پێشتریش دژی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان شەڕی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی لە مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢٠ دا غەفاری وەکوو ڕابەری ڕێکخراوی داعشی خۆراسان دەستنیشان کراوە. غەفاری بەرپرس بووە لە پەسەندکردنی سەرجەم ئەرکەکانی ڕێکخراوەکە لە سەرانسەری ئەفغانستاندا.

لە مانگی یازدەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا غەفاری وەکو " تیرۆریستێکی جیهانی " ناودێر کرد.

ڕۆژی هەینی سوپای ئەمریکا وتی لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا لە فڕۆکەخانەی کابول خۆکوژێکی ڕێکخراوی داعش لە تەقینەوەیەکدا ١٣ سەربازی ئەمریکی و لانی کەم ١٧٠ هاووڵاتی ئەفغانی کوشت.

تەقینەوەکە لە ٢٦ ی مانگی هەشتدا ڕوویدا لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا هەوڵیان دەدا هاووڵاتییە ئەمریکی و ئەفغانییەکان لە فڕۆکەخانەی کابولەوە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ئەفغانستان.

لە مانگی یازدەدا بەرپرسانی ئەمریکا وتیان باوەڕییان وایە ڕێکخراوی داعشی خۆراسان لە ماوەی شەش بۆ دوازدە مانگدا پەرە بە تواناکانیان بدەن و لە دەرەوەی ئەفغانستان هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە