شێخ جەعفەر: تەعریب کردن دەگاتە کەلار

شێخ جەعفەر:  تەعریب کردن دەگاتە کەلار

بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، پرۆسەی تەعریب لە سنووری خانەقین بەردەوامە و ئەگەر بەو جۆرەش بەردەوام بێت دەگاتە کەلار، بۆیە دەرفەتێک لەبەردەم کوردە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێننەوە و ڕێگری لە تەعریب بکەن و بە لیستێک بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن.

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دۆخی ئەمنیی سنووری خانەقین تێک چووە، بە جۆرێک پێش دوو ڕۆژ لە نێو شاری خانەقین تەقە لە خەڵکی کرا و لە ناو چایخانەیەک، بەو ھۆیەوە حەوت کەس شەھید بوون و دووی دیکەش بریندار بوون  و جگە لەوەش، پرۆسەی تەعریب بە بەردەوامی دەکرێت و موڵک و ماڵی کوردەکان داگیر دەکرێت و عەرەبی بۆ ھاوردە دەکرێت.

بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ڕاگەیاند: "دۆخی خانەقین لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ناجێگیرە و ھێزێکی عێراقی لێ بووە و کوردیش ھیچ دەسەڵاتێکی نەبووە، بەڵام لە دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە چایخانەیەک تەقە لە خەڵکی کرا و حەوت کەس شەھید بوون و دووی دیکە بریندار بوون، لە دوێنێوە ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس چوونەتەوە ناو شار و ئەمڕۆ تا ناو دوومان، کە دەکەوێتە نێوان خانەقین و جەلەولا ڕۆیشتوون، ئەمەش جۆرێکە لە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئاسایش ناو شار بپارێزن."
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: "جگە لەوە، ھێزێکی دیکەی پێشمەرگەش ئەمڕۆ ھاتوون بۆ خانەقین، چونکە پێش دوو ڕۆژ مەلا بەختیار سەردانی خانەقینی کردبوو، بەڵام خەڵک بەگشتی گلەیی زۆری ھەیە لە تێکچوونی دۆخەکە و ڕەخنەش زیاتر ڕووبەرووی یەکێتی دەبنەوە، نەک تەنھا کورد، بەڵکو عەرەبەکانیش باس لەوە دەکەن بۆ ئەو دۆخەیان تێک دا و ئەوان لە سایەی ھێزی پێشمەرگە پارێزراو بوون."
سەبارەت بەتەعریبکردن، شێخ مستەفا گوتی: "تەعریبکردن بەردەوامە و عەرەبەکان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە و زەویی کوردەکان داگیر دەکەن، بۆیە گەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، تەعریب دەگات بە کەلاریش، چونکە ئەوەی توانای ھەیە دەگەڕێتەوە و سەرەتاش داوای خانووی ھاووڵاتیانیان دەکرد، تەنانەت داوای بارەگای مەڵبەندی یەکێتیشیان دەکرد، بۆیە پرۆسەکە بە ھەموو شێوەیەک بەردەوامە و ئەگەر ڕێگری لێ نەکرێت، ناوەستێت."
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە