نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى كرد

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى كرد
پەیامی کورد     ...   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى لوبنانى كرد

به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/1/24 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ دادوه‌ر هێنرى خوورى، وه‌زیرى دادى لوبنانى و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ری لوبنان، یاریده‌ده‌ر‌ى ئه‌منیدارى گشتی كۆمكارى عه‌ره‌بى و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران پێكهاتبوو و به‌ بانگهێشتێك بۆ به‌شدارى له‌ یادى ڕۆژى دادوه‌ری عیراقدا، سه‌ردانى به‌غدایان كردبوو.

له‌ دیدارێكدا كه‌ وه‌زیرى دادى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر سیستەم و دۆخى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان و لێكچوونیان له‌ لوبنان و عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بوارى هاریكاری نێوان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری لوبنان و عیراق و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى یه‌كتر خرایه‌ به‌ر باس، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ گرینگی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كرایه‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌رى بنه‌ماى ده‌وڵه‌تدارییه‌.

دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منى له‌ عیراق و لوبنان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ شاندى لوبنانى پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ى‌ هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى لوبنان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئێستاى ئابووری ووڵاته‌كه‌ و قه‌یرانه‌كان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها باسیان له‌ ده‌سپێشخه‌رییه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ پشتیوانی ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری لوبنانى له‌ دۆخى ئێستایدا كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى شانده‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا و هیواى خواست هاریكاری عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ بوارى دادوه‌ریدا پته‌وتر بكرێت و ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى ڕه‌وه‌ندى لوبنانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارى و بانكداریدا.

دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و لوبنان و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە