مامۆستایەکی دیکەی ئایینی لەپیرانشار سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

مامۆستایەکی دیکەی ئایینی لەپیرانشار سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا

پەیامی کورد... مامۆستایەکی دیکەی ئایینی لەپیرانشار سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا


لە درێژەی سەپاندنی سزاکانی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر مامۆستایانی ئایینیی کورددا، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن لقی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری ئورمیە، سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بەرنوێژی مزگەوتی "چوار یار نەبی" لە شاری پیرانشار، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە ئورمیە، سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە بە تۆمەتی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ڕاگەیاندنی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوو، ئەو سزایە بەسەردا سەپاوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٣١ی ژانویەی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پیرانشار دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی ١ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

لە ماوەی ئەم مانگەدا، چوار مامۆستای ئایینیی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی شەریف مەحموودپوور، سولەیمان ئەحمەدی، سەید جەمالەدین واژی و یوونس نەوخاە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە ئورمیە، بە کۆی گشتی سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە. ئەم مامۆستایانە بەهۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن و ژیان و ئازادی و بە تۆمەتی "هەوڵدانی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" و "هەوڵی تێکدانی ڕای گشتی" دادگایی کراون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە