واشنتن نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە سووریا

واشنتن نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە سووریا

پەیامی کورد... واشنتن نزیکەی یەک ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە سووریا

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێستا گەلی سووریا لە قەیرانی گەورەدان و ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ٧٥٦ ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە خەڵکی ئەو وڵاتە دەکات.

لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش وتی، ئەمریکا زیاتر لە ٧٥٦ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی پێشکەش بە گەلی سووریا دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو بەڕە هاوکارییە نوێیەی ئەمریکا پاڵپشتیی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەکات بۆ دابینکردنی خۆراکی فریاگوزاری بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی توند لە سووریا.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەرەتای شەڕی یازدە ساڵەی سووریاوە ئەمریکا ١٥.٧ ملیار دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی گەیاندووەتە گەلی سووریا.

بەپێی خەمڵاندنەکان ١٢ ملیۆن هاووڵاتیی سووری کە نزیکەی ٦٠٪ی دانیشتووانی ئەو وڵاتەن، بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن لە ئەنجامی یازدە ساڵ شەڕ و پەتای کۆرۆنا و وشکەساڵیی توند کە بەرهەمی خۆراکی لەناو بردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و سووتەمەنی و، قەیرانی برسێتیی توندتر کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، قەیرانی مرۆیی لە سووریا خراپترین قەیرانی ئێستایە، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس ئاوارە بوون، نزیکەی ١٤ ملیۆن کەسیش پێویستیان بە پێداویستیی مرۆیی هەیە.

ڕاشیگەیاند، ئەم هاوکارییە ئژاسانکارییە بۆ ئەوەی خێزانەکان خۆراکی سەرەتایی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە لە بازاڕە ناوخۆییەکان بکڕن.

هەروەها ئەم هاوکارییە پاڵپشتیی تەندروستیی بەپەلە پێشکەش دەکات بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان لە سەرانسەری باکووری سووریا کە بەهۆی یازدە ساڵ شەڕ و پێکدادانەوە سیستەمی تەندروستی وێران بووە.

هاوکارییەکە یارمەتیی دەستگەیشتن بە ئاوی پاکی خواردنەوە لە ڕێگەی بارهەڵگرەکانی ئاوی فریاگوزاری و دابەشکردنی تانکی هەڵگرتنی ئاو و ئامێری پاککردنەوەی ئاو دەگرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک پشتگیرییەک لە خێزانە ئاوارەبووەکان کە شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە، هاوبەشەکانی USAID کلوپەلی داڵدەدان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ناوماڵ دابەشدەکەن.

 

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە