پەیامی کورد... ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن
ئەمڕۆ قۆناغێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو و هەر دوو لاش لە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ ئاگربەست نزیک بوونەتەوە، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن و مۆسکۆ-ش بڕیاریدا هێرشەکانی کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 29 ی ئاداری 2022 ئەلکساندەر فومین، جێگری وەزیری بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، بە هۆکاری ئەوەی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا لە ئیستەنبوڵ لە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی نزیک بوونەتەوە، بەتایبەت دۆخی بێلایەنی ئۆکراینا و داماڵینی لە چەکی ئەتۆمی، بڕیار دراوە ڕێککەوتنەکان بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
باسی لەوەش کرد، بۆیە لە قۆناغی یەکەمدا هێزەکانی ڕووسیا و هێرشە سەربازییەکان بۆسەر شاری کیێڤ و چێرنیهیڤ کەمدەکرێنەوە.
هاوکات ڤلادیمیر مندێسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانی نێوان هەردولا "بەسود و ئەرێنی" بوون، بۆیە پێشنیازەکانی ئۆکراینا بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا دەگەیەنن.
پێشبینی دەکرێت گفتوگۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەرەو ئاستێکی باڵاتر بچێت. بە جۆرێک ئەگەر شاندی دانوستانکاری نێوان هەر دوو وڵات بگەنە ڕەشنووسێکی ئاشتی، کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان سەرۆکی هەر دوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە