پەیامی کورد... گەنجێكی 20 ساڵ لە پشت دزپێكردنی زانیاریە نهێنییەكانی ئەمریكاوەیە
بەپێی زانیاری میدیاكانی ئەمریكا، ئەو كەسەی زانیاریە نهێنییەكانی ئەمریكای دزەپێكردووە، گەنجێكە و لە بیستەكانی تەمەنیدایە و ئەندامی گروپێكە كە خۆشەویستی چەك یاری ئەلكترۆنی و خودا كۆیكردوونەتەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسەی زانیارییە نهێنییەكانی ئەمریكای دزەپێكردووە، گەنجێكی تەمەن بیست ساڵە و حەزی لە چەك و یارییە ئەلكترۆنییەكانە، ئەوەش بەپێی قسەی هاوكارەكانی لە گروپێكی چات لە ئینتەرنێتدا، ئەو گەنجە لە پلاتفۆڕمی "دیسكۆرد"دا ئەندامی گروپێكی چاتە كە خۆشەویستی چەك و یاری ئەلكترۆنی و خودای كۆی كردوونەتەوە، ئەو گەنجە زانیارییەكانی لەگەڵ ئەندامانی ئەو گروپەدا هاوبەشی پێكردووە.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئەمریكا ئەوەیان ئاشكرا كردووە، زانیارییان لەسەر ئەو كەسە كۆكردووەتەوە و دۆسیەكە بە جدی وەردەگرن، لای خۆشیەوە پلاتفۆڕمەكە ئامادەیی ئەوەی پیشانداوە هاوكاری لایەنە یاساییەكان بكات.
ئەو گەنجە لە گروپ چاتەكەدا وتویەتی، ئەو زانیاریانەی لەكاتی كاركرندا لە بنكەیەكی سەربازی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ شوێنێكی دیاری نەكردووە، وتوشیەتی كە زۆرێك لەو بەڵگانەی لەسەر دەستی نوسیوەتەوە چونكە لەو شوێنەی دەستی كەوتووە هەڵگرتنی مۆبایل و ئامێری ئەلكترۆنی قەدەغە بووە.
سەرچاوە فەرمییەكانی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، ئەو دزەپێكردنە مەترسیدارترین دزەپێكردنی زانیاری ئەمریكایە لە ماوەی ساڵانی رابردودا و زیان بە ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت، ئەوەش سەرەڕای زیان بە پەیوەندییەكانی واشنتن لەگەڵ چەندین وڵات وەك ئۆكرانیا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە