پەیامی کورد... ئەردۆغان: بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانمان دەکەین
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سوپاسی حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات "بۆ ئەو هاوکارییەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە باکووری عێراق پێشکەشیان کردووە و هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا هەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکەمان."
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، "چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام دەمانەوێت ئاسایش بەرقەرار بکەین. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ناو بنکە و بارەگاکانیان، چەندین ساڵە پەکەکە ناتوانێت هیچ چالاکییەک لەناو تورکیادا بکات و لە چالاکیمان خستوون و بەردەوام دەبین."
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٢ سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆسەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ناوی چڕنووک - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و ئەردۆغان دەڵێت، "دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کردووە، تاوەکوو ئەو ناوچانە پاک بکەینەوە کە لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە لە باکووری عێراق داگیرکراون."
جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "ئامانجمان لە ئۆپەراسیۆنەکەمان پاککردنەوەی خاکی عێراقە لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورەکانمانە. ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا هەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە."
بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تاوەکوو ئێستا ٢٦ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و دوو سەربازی سوپای تورکیاش کوژراون.
هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ ٢٨ سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش برینداربوون، دوو هەلیکۆپتەریش پێکراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە