پەیامی کورد... مەسرور بارزانی پێشوازی لە پارێزەرێکی نێودەوڵەتیی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستان کرد
ئەمڕۆ شەممە 6/5/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پارێزەری ئەمەریکی گاڤرێیل مایرۆنی كرد کە پارێزەرێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستانە.
پارێزەر گاڤرێیل مایرۆنی، کورتەیەکی دەربارەی کار و هەوڵەکانی سەبارەت بە نوێنەرایەتیکردنی هەزاران قوربانی تاوانەکانی جینۆساید لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا خستەڕوو، لە نێویاندا قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، کە چەندین ساڵە کار لەسەر ئەم کەیسانە دەکات.
سەرۆکی حکوومەت ستایشی هەوڵەکانی پارێزەر گاڤرێیل مایرۆنی کرد و ئاماژەی بەوە دا، کە گەلی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی بووەتەوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەو تاوانانە بە جینۆساید بناسێت و بە شێوەیەکی شایستەش، لەلایەن حکوومەتی عێراق و هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی هاوکار و یارمەتیدەری ئەنجامدانی تاوانەکان بوون، قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە