پەیامی کورد ... بە مەبەستی خستنەڕووی دوایین پرۆسەكانی بەرهەمهێنانی هەنگەوانی و هەنگوین لە كوردستان و وڵاتانی عەرەبی و عێراقی و خستنەڕووی توێژینەوەی زانستی لەم رووەوە، دوازەیەمین كۆنگرەی هەنگەوانی لە كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد.
ئەمڕۆ 7/10/2019 لە شاری هەولێر كۆنگرەكە دەستی بە كارەكانی كرد و لەمبارەوە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: "ئەم كۆنگرەیە لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەیەكەوەژیان و ماڵی هەمووان بۆ كوردستان دووپات دەكاتەوە و ئومێد دەخوازین ببێتە هۆی ئەوەی گەشەپێدانی ئەو بەرهەمە و خزمەتكردن بەو توێژەی كە لەو بوارەدا كار دەكەن".
تاڵەبانی باسی لەوەش كرد، كە بە هۆی سیاسەتی پاكتاوی ڕەگەزی و شەڕ و ململانێی نێوان ووڵاتان و ئەو شاڵاوانەی كوردستانی گرتەوە، پرۆسەی كشتوكاڵ پاشەكشەی كرد، ئەگینا كورد وەك نەتەوە و لە جوگرافیاشدا كوردستان یەكەم پێگەی كشتوكاڵی بووە لە مێژووی مرۆڤایەتی و بەڵگەش بۆ ئەوە گوندی "چەرموو"یە لە سنووری چەمچەماڵ كە 10 هەزار ساڵ بەرلە ئێستا كشت وكاڵی تێدا كراوە.
گوتیشی: "ئێستا هەوڵی دووبارە گەشەپێدانەوەی كشتوكاڵ لە ئارادایە و زەمینە لەبارە لەڕووی زەوی و دەستی كار و ئیرادەی كابینەی نۆیەمیش گرنگیی زیاتر بەو پرۆسەیە دەدات. ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەشێكی زۆری ئەو پلانەی بۆ ئەم چوار ساڵە دامانناوە، جێبەجێی بكەین و مەبەستیشمان گەشەپێدانەوەی كەرتی كشتوكاڵە".
لەبارەی پرۆسەی هەنگەوانیشەوە وەزیری كشت وكاڵ ئاماژەی دا: "هەنگەوانی هەم كاریگەری دارایی هەیە و هەمیش خزمەتی ژینگەییمان دەكات و ئەوەش لە كوردستان گرنگی خۆی هەیە، چوونكە ژینگەی دەوڵەمەند هەیە و شوێنی جوگرافیی گونجاومان هەیە بۆ ئەو مەبەستە و كەسانی شارەزاشمان زۆرە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە