قەدەغەی هاتووچوو بۆ دە ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە

قەدەغەی هاتووچوو بۆ دە ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە

پەیامی کورد     ...    وەزیری ناوخۆ رایگەیاند قەدەغەی هاتوچۆ بۆ دە رۆژی تر درێژكرایەوە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ باشتر كۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆ ماوەی 10 رۆژی تر درێژ دەكەینەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی: دوای راوپێشنیاری یەكە كارگێڕیەكان و وەزارەتی تەندروستی، بە رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیارماندا كە قەدەغەی هاتووچۆ درێژ بكرێتەوە تا 10ی نیسان.   باسی لەوەشكرد، كە یەكێك لە هەنگاوەكانیان بابەتی قەدەغەی هاتووچۆ بووە تا ئەو ڤایرۆسە تەشەنە نەكات، لە قۆناغی دووەمیشدا دەوامی دام و دەزگا فەرمییەكان راگیرا. هەموویشی بەسەریەكەوە قەدەغەی هاتوچۆ كاریگەریی هەبووە لە تەشەنەنەكردنی ڤیرووسەكە، بۆیە ئێمە لە نیگەرانی  و زەحمەتییەكانی خەڵكی كوردستان تێدەگەین و ئەوانەیشی كە بژێویان تێكچووە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاگاداری ئەو نیگەرانییەین و پەیامەكانتان گەیشتووە، بەڵام سەلامەتی هاوڵاتیانی كوردستان و تەندروستی كۆمەڵگەی كوردستان ناچارین قەدەغەی هاتووچۆ درێژ بكەینەوە و داوا لە هاوڵاتیانیش دەكەین لە ماڵەكانیان بمێننەوە.
وتیشی: داوا لە هاوڵاتیان دەكەین كە لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەكان زانیاریمان پێ بدەن.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری ناوخۆ وتی ئاڵوگۆڕی هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بریارماندابوو رابگیرێت، بەڵام بڕیارمانداوە كە ئاڵوگۆڕی هێزەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانی خۆیان بەردەوام دەبێت و بەمەرجی ئەوەی بە هەماهەنگی لە نێوان یەكە كارگێڕییەكان ئاڵوگۆڕبكەن و نابێ بەبێ ئاگاداری ژووری ئۆپەراسیۆن بكرێت.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد كە لە خاڵەكانی پشكنین هەندێك كێشە دروست بووە بۆیە داوای لە هەموو هێزەكان كرد كە رێنمایی تیمەكانی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت و ئەوانەیشی لە ئەركدان فشاریان لەسەر دروست نەبێ بۆیە داواكاربوون كارئاسانی و هاوكاری هەبێت.
لەبارەی دروستبوونی كێشە لە كەرەنتین و كاتی گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناو كوردستان وەزیری ناوخۆ وتی: كە لە هیچ كەسێك قبوول ناكەن گرفت دروست بكات و ئەوانەی بانگەشەی شكاندنی قەدەغەی هاتووچۆ دەكەن هەر كەسێك ئەو بانگەشەیە بكات دەبێ بە پێی یاسا سزابدرێن و رێكارە یاساییەكانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
لەبارەی ئاسانكاری بۆ قەدەغەی هاتووچۆ كە لەسەر داوای پارێزگارەكانەوە ئاراستەكراوە وەزیری ناوخۆ وتی ئێمە لە حكومەت قەدەغەی هاتووچۆمان راگەیاندووە و نابێ هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبیل هەبێت، بەڵام ئاسانكاری لەسەر ئاستی پارێزگاكان دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەكان تا لە سنووری خۆیان ئاسانكاری بكەن. وە ئەوانەشی كە خێزان و كەس و كاریان لە پارێزگایەك گیربووە و خۆیان لە شارێكی دیكەن لە ماوەی 72 كاتژمێردا رەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەكان وەربگیرێت تا ماڵ و مناڵیان بێننەوە لای خۆیان.
هەروەها لە 1ی شەو تا 6ی بەیانی هاتووچۆ بەو هاوڵاتیانەدەدرێت كە پێشتر رێگەپێدراون و بەهیوای پابەندی هەموو لایەك دەكەین.
لە كۆتاییدا وەزیری ناوخۆ باسی لەوەكرد كە قۆناغی سەختمان بڕیوە و زیانیشمان بەركەوتووە لەسەر هەموو ئاستەكان، بۆیە دەبێ بەردەوام بین و پێداگری لەسەر ئەوە دەكەین، كە لەماڵەكانتان بمێننەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە