كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات

كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات

پەیامی کورد     ...    كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان داوایەكی بەپەلە ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەێنێت ، ئەگەر پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ نەكرێت ئەوا بەتەواوی تووشی داڕوخانی بەرهەمهێنانی كەرتی پەلەوەری دەبین.
لەوبارەیەوە نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت "داوایەكی بەپەلە ئاراستەی سەرۆكی حكومەت و پەرلەمان و وەزیری كشتوكاڵ و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری دارایی و تەواوی یەكە ئیدارییەكان دەكەین بەوەی چیتر بێ دەنگ مەبن، وەرنە سەر خەت لەگەڵمانبن، كێشەكانی خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان چارەسەربكەن تا كار نەگەیشتۆتە داخستنی سەرجەم هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی مریشك".
راشیگەیاند، ساڵانە ئەو كێشانەیان دووبارە دەبێتەوە و هیچ گوێیان لێ ناگیرێت لەكاتێكدا بەرهەمهێنانی مریشك لەسەر خاوەن هۆڵەكان دوو هەزار و ١٠٠ دینار دەوەستێت،بەڵام لەئێستادا دەدرێت بە هەزار و ٥٥٠ دینار لەناو هۆڵەكان، كە ئەوە كارەساتێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستاندا.
هەروەها داواكارن ئەو لایەنانە لە تەواوی ساڵدا یەك نرخ بۆ فرۆشتنی مریشك دیاری بكەن بۆئەوەی نە خاوەن كێڵگەكان بەردەوام لە زەرەردابن نە نرخیش لەسەر هاووڵاتیان زیادبێت.
نازم عەبدوڵڵا جاف جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان جەختدەكاتەوە ئەگەر حكومەت بەدەم داواكارییەكانیان نەچێت، ئەوا دەرگای هۆڵەكان بەتەواوی دادەخرێن ئەوكات كەرتی بەرهەمهێنانی مریشك بەتەواوی توشی داڕوخان دەبێت و نرخ زۆر گران دەبێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە