پەیامی کورد ... شاسوار عەبدۆلواحێد : كەسێك خیانەت لە خوا و خەڵك و ئەو بەڵێننامەیەی واژووی كردوە بكات، دڵنیابن لەناو جووڵانەوەی نەوەی نوێدا جێگای نابێتەوە" .
شاسوار عەبدۆلواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، تەنها ٤٨ كاتژمێر مۆڵەت لەبەردەم سێ پەرلەمانتاریاندایە ئەگەر دەستبەرداری خانەنشینیی نەبن، ئەوا لە فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان دەردەكرێن.
ئەمڕۆ شاسوار عەبدۆلواحید لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی ڕایگەیاند : "جووڵانەوەكەمان سوپاسگوزاری پێشكەشی ئەو چوار پەرلەمانتارە دەكات، كە دەستبەرداری خانەنشینی بوون بەشێوەیەكی فەرمی و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، وەك دەزانن فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ٧ پەرلەمانتار پێكهاتوە و سێ كەسیان ماوە ئەو فۆرمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینیەكانیان بن، بۆیە پەیامی ئێمە بۆ ئەو سێ بەڕێزە ئەوەیە پێویستە ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینیەكەیان بن بەپێچەوانەوە هەتا ٤٨ كاتژمێر ئەو كارە نەكەن لە جووڵانەوەكە دەریان دەكەین، هەموو كەندیدەكانمان پێش هەڵبژاردن سوێندیان خوارد و بەڵێننامەیان پڕكردەوە و بەڵێنیان بە خەڵك داوە دەستبەرداری خانەنشینی دەبن بۆیە ئەگەر كەسێك خیانەت لە خوا و خەڵك و ئەو بەڵێننامەیەی واژووی كردوە بكات، دڵنیابن لەناو جووڵانەوەی نەوەی نوێدا جێگای نابێتەوە".
هەروەها سەبارەت بە جووڵاندنی شەقام و وەرگرتنی هەڵوێستیش هاوشێوەی شەقامی عێراق، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ووتی "ئەگەر میوەیەك لە پێش كاتی خۆی لێبكرێتەوە، ئەوا سوودی لێنابینرێت، بۆیە خۆپیشاندانیش كاتی خۆی دێت، پێویستی بەوەیە خەڵك ئامادەبێت و توانای ئەنجامدانی ئەو كارەی هەبێت".
جێگای ئاماژەدانە ئەو سێ پەرلەمانتارەی کە تائێستا فۆڕمیان پڕنەكردۆتەوە بریتین لە (مەم بورهان قانع، دیاری ئەنوەر و سیروان محەمەد) کە نەوەی نویی داوای کردووە کە پێویستە بە شێوەیەكی فەرمی ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینی ببن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە