لە هێرشەکەی دوێنێدا مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووە

لە هێرشەکەی دوێنێدا مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووە

پەیامی کورد... لە هێرشەکەی دوێنێدا مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووە


لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، مەزڵوم عەبدی ئامادەبووە و دوای رووداوەکەش بە سەلامەتی گەیشتووەتەوە ناوچەکانی باکوور و رۆژەهەڵاتی سووریا.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە هێرشەکەی دوێنێ سلێمانی، مەزڵوم عەبدی سەلامەتە و هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا نەبووەم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە داهاتوودا زانیاری زیاتر لەبارەی ئەو رووداوە بڵاودەکەنەوە.

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنەکەیان، راگەیەندراوەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەکردووە، "لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتی ئەمنی و پاراستنی سەلامەتی فەرماندەی هێزەکەیان، هیچ راگەیەندراوێکیان لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبووە".

ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.

لەلایەن خۆیانەوە، میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنی تورکیا بووە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کراوەتە ئامانج و لەو رووداوەدا، مەزڵوم عەبدی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.

ئەم بڕیارەی تورکیا وەک کاردانەوەیەک دێت لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە شەوی چوارشەممە (15ی ئادار/مارسی 2023) لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

هەروەها رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەکداری هێزەکانیان کە سەرنشینی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەبوون، گیانیان لەدەستداوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە