گۆڕانکاری لە جووڵەی بازرگانی هەرێم و ووڵاتان دەکرێت

گۆڕانکاری لە جووڵەی بازرگانی هەرێم و ووڵاتان دەکرێت

پەیامی کورد     ...    گۆڕانکاری لە جووڵەی بازرگانی هەرێم و ووڵاتان دەکرێت

بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، كاریگەری لەسەر ئابووری جیھان كردووە و جووڵەی بازرگانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سستی تێكەوتووە، وەزیری بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ، سەرەڕای كاریگەرییەكانی كۆرۆنا، جووڵەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەھێزە و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی، ھەندێك گۆڕانكاری پەیدا كردووە.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، رایگەیاند: "جووڵەی بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و جیھان بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت، بەڵام رێكارەكانی خۆپارێزی لە ھەموو دەروازە سنوورییەكان گیراوەتە بەر بەمەستی پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێم لە گواستنەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، ئەوەش وای كردووە ھەندێ گۆڕانكاری لەسەر شێوازی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و ووڵاتانی جیھاندا روو بدات".

وەزیری بازرگانی دەشڵێت: "راستە بە ھۆی رێكارەكانی خۆپارێزییەوە ھەندێك سستی لە جووڵەی بازرگانی پەیدا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێنانی كەلوپەل بەردەوامە، بە تایبەتی ئەوانەی رۆژانە ھاووڵاتیان بەكاریان دەهێنن".

كەمال موسلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "قەبارەی بازرگانی لە ئێستادا جێگیر نییە، چونكە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھاندا كاریگەریی كردووەتە سەر ئابووری ووڵاتان و جووڵەی بازرگانی، ئێمە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامین لە ھەوڵەكانمان بۆ زیادكردنی جووڵەی بازرگانی".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە