پەیامی کورد ... ئەمریکا بە نیازە سزای نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی بە نیازە حەوتووی داھاتوو سزاكانی دژ بە ئێران توندتر بكات لە ئەنجامی پەیڕەوكردنی سیاسەتی "سەركوتكردنی سیاسی" كە رژێمی ئێران دژ بە بەھەڵستكارانی ئەنجامی دەدات
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەکردوە، تاران دوای خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ئێران لە ساڵی رابردوو، ھەوڵیدا "بەڵگەكانی كارە سەركوتكارە توندەكانی بەڕێگای چاودێریكردن و شێوازەكانی تۆقاندن بشارێتەوە" و خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێتی بڕی.
وتیشی، دەسەڵاتدارانی ئێران ھێشتا رێگری لە لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ و بێلایەن لە كار و كردەوەكانی كوشتن دەكەن لەو كاتدا، "بەڵام ئێمە قوربانیانی دەستی ئەو رژێمە لەبیر ناكەین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە بەشداریكردن لە بەسزاگەیاندنی بەرپرسان، ھەفتەی داھاتوو رێوشوێنەكانی دواتر لە بەرامبەر ئەوانەی دەستیان لەو كارە سەركوتكەرانە ھەبوو رادەگەیەنین لە پێناو جێبەجێكردنی دادپەرەوەری بۆ گەلی ئێران، كە ئێش و ئازارەكانی لە دەست چەوساندنەوەی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆر درێژەی خایاند، زیاتر لە خەڵكی دیكە".
لە كۆتایی راگەیاندراوەكەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئومێدی خۆی دەربڕی، كە "ھەموو وڵاتان بێنە ریزی ئەو بانگەوازەمان، كە ئاراستەی رژێمی ئێرانمان كردووە بۆ ئازادكردنی ھەموو گیراوە سیاسییەكان و زیندانیانی را و بۆچوون".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە