رووسیا، ئێران لە هێرشی ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە

رووسیا، ئێران لە هێرشی ئەمریکا ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سووریا، ئاگادار دەکاتەوە.

 

ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ، نێردەی تایبەتیی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا، دوێنێ سێشەممە 10/4/2018، بە سەردانێک گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ لەگەل عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە و میدیا ئێرانییەکان ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان بڵاو کردووەتەوە.

لەو گفتوگۆیانەدا، نێردەی سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا، ئێرانی لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سووریا ئاگادار کردووەتەوە.

هەروەها محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بە سەردانێک لە بەرازیلە، رایگەیاندووە، ئەمریکا بەدوای بەهانەیەکدا دەگەڕێ بۆ چوونە ناو سووریا و ئێستاش ”بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دوما“ کردووەتە بەهانە.

ئەمرۆ چوارشەممە 11/4/2018، رێکخراوی ئەوروپی بۆ سەلامەتیی ئاسمانی هۆشداریی دا کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان لەوەی لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری هێرشی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و پێویستە خۆیان لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بپارێزن.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا باس لەوە دەکەن، کە لە ئێوارەی رۆژی شەممە 7/4/2018دا، رژێمی سووریا چەکی کیمیاوی لە دژی هاووڵاتییانی دوما بەکارهێناوە و زیاتر لە 150 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە هەزار کسی دی بریندار بوون، بەڵام رژێمی سووریا رەتی دەکاتەوە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە