كه‌مال كه‌ركوكی: تا خاوەنی سەرۆك بارزانی بین هیچ کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان لاواز بکات

كه‌مال كه‌ركوكی: تا خاوەنی سەرۆك بارزانی بین هیچ کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان لاواز بکات

پەیامی کورد... كه‌مال كه‌ركوكی: تا خاوەنی سەرۆك بارزانی بین هیچ کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان لاواز بکات


كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای كه‌ركوك – گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، تا کورد خاوەنی بارزانی بێت، هیچ کەس و لایەنێك ناتوانێت ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان لاواز بکەن.

میدیای فه‌رمی پارتی بڵاویكرده‌وه‌، لقی 6ی ئه‌وروپای پارتی له‌ 18ی حوزه‌یرانی 2023، وێبنارێكی تایبه‌تی بۆ كه‌مال كه‌ركوكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای كه‌ركوك – گه‌رمیانی حزبه‌كه‌یان رێکخست له‌ ژێر ناونیشانی "به‌رگری سه‌ربه‌رزانه‌ی پارتی له‌ كه‌ركوك".

كه‌مال كه‌ركوكی له‌ باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ پرسی كه‌ركوك داوه‌ و ده‌ڵێت: "ئەو پرسە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بابەتێکی هەرە گرنگ و جێی بایەخە وەك چۆن بارزانی نەمر فەرمووی کەرکوک دڵی کوردستانە".

دەشڵێت، "ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ کە به‌رهه‌می خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌ شایانی قەبووڵ كردن نییه‌".

ئاماژەی بەوەشدا کە حزبه‌كه‌ی هەرگیز بێ دەنگ نابێت لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ناحەقییەی کە دەرهەق بە کەرکوك و کەرکوکییەکان دەکرێت و ئه‌مرۆ بێت یا سبه‌ی كه‌ركوك و هەموو ناوچەکانی تر دەبێت بگەڕێتەوە ‌ سه‌ر شوێنی سروشتی خۆیان کە هه‌رێمی كوردستانە.

كه‌مال كه‌ركوكی وتیشی: " ئه‌و فێڵ و ته‌ڵانەی کە له‌ به‌رگی یاساییدا بەکار دەهێنرێن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو شارە و پێکهاتە و خەڵکە ره‌سه‌نه‌كەی ئەو بابەتانە ھەمووی‌ دژی ده‌ستوور و ناوه‌ڕۆكی ماده‌ی 140 و مافه‌ دیموكراتییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌ركوكن، لەگەڵ هه‌موو ئەو پیلانگێڕی و گۆڕانکاری و ته‌عریبه‌ی کە لە كه‌ركوك ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێشتا له‌ زۆرینه‌بوونی كورد له‌ كه‌ركوك ده‌ترسن، چونكه‌ خۆشیان ده‌زانن كه‌ركوك شارێكی كوردستانییه‌، بۆیە مەحاڵە بتوانن ئەو حەقیقەتە بگۆڕن".

كه‌مال كه‌ركوكی وتیشی: "گروپه‌ میلیشیاییاکان لە کەرکوك بە به‌رده‌وامی خه‌ریكی زوڵم و زۆرداری و گۆڕینی دیموگرافیای ئه‌و شاره‌ن".

سەبارەت بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كه‌ركوك و کردنەوەی بارەگاکانی، کەمال کەرکوکی رایگەیاند: پارتی‌ به‌ سه‌ربه‌رزی و لەژێر ئاڵای کوردستان ده‌گه‌رێتە‌وه ‌كه‌ركوك، باسی دوایین رێکكەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیشی کرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی فیدڕاڵی کە پرسی کەرکوك و ماده‌ی 140ی دەستوور بەشێکی سەرەکی ئەو رێکەوتنەیە، داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵ کرد ئەو رێکكەوتنە بە هەموو بڕگەکانیەوە وەك خۆی جێبەجێ بکات.

سەبارەت بە یاسای بودجەی عیراقی فیدڕاڵیش، کەمال کەرکوکی باسی ئەوەی کرد، ئەو گۆڕانکاریانەی کە لیژنه‌ی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەندێک برگەو مادەی دیکە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لە رەشنووسی بودجەکە زیادکران و گۆڕانکاریان بەسەردا ھات دژن بە ماده‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ده‌ستووری عیراق و رێككه‌وتنامەی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی بەغدا و زیانیان دەبێت بۆ هەموو لایەنێك.

له‌ دوابه‌شی قسه‌كانیدا کەمال کەرکوکی هیوای خواست ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی ئه‌زموون له‌ مێژوو وه‌رگرن و رێگەی راست و دروست و دەستووری هەڵبژێرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە جیاتی گرتنەبەری رێگای فەرزکردنی زۆرینە بە نادەستووری و بەکارهێنانی زۆرینە بەدەر لە دەستوورو مادەیاساییەکان و رێککەوتنە سیاسییەکان، چونكه‌ رژێمه‌كانی پێشتر له‌و تاقیكردنه‌وەکا‌نیاندا دژی گه‌لی کوردستان‌ شكستیان خوارد و گه‌لی كوردیش به‌سه‌ربه‌رزی مایه‌وه‌.

کەمال کەرکوکی وتیشی: "تا کورد خاوەنی جەنابی سەرۆك بارزانی بێت، هیچ کەس و لایەنێك ناتوانن ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان لاواز بکەن وناتواندرێ مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان و دەسکەوتە گەورەکانمان دروست بکەن چونکە پشتمان بەگەلی کوردستان قایمە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە