پەیامی کورد ... سكرتێری یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، بۆ بەرزكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی كادیران و گرنگیدان بە ئاستی ڕۆشنبیری و جەستەیی و زانیاریی گشتی، لە سەرتاسەری كوردستاندا خولێكی پێگەیاندنیان بۆ كادیرانیان كردووەتەوە.
مەیسەر عوبێد ، سكرتێری یەكیتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "لە سەرتاسەری كوردستان خولێكی پێگەیاندنی لاوانمان بۆ كادیرانمان كردووەتەوە، كە (400) كادیر له سەركردایەتی و ناوەندە باڵاكان و ناوەندەكانی چالاكییەكان تێیدا بەشدارن".
لەبارەی ئامانجی كردنەوەی خولی پێگەیاندنی كادیرانیان، عوبێد گوتی: "دوو ئامانج لە پشت كردنەوەی خولی پێگەیاندنی كادیرانمانە، یەكەم دەمانەوێت كادیرانی یەكیتی لاوان لە زاخۆوە تا خانەقین ببنە یەك خێزان و ئاشنایی و پێوەندیی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا دروست ببێت، دووەم دەمانەوێت كادیرانێك بۆ كوردستان پێبگەینین، كە لە ڕووی جەستەییەوە بەتوانا بن و ئاستی زانیارییان بەرز بێت، لە خولەكەشدا وانەی تایبەت لە ڕووی مەشقی سەربازی و وانەی سیاسی و ڕۆشنبیری و هزری و وەرزشی و كۆڕ و سێمیناری تایبەت ڕێك دەخەین و دكتۆر و ماموستای زانكۆ و كەسانی ئەكادیمی و ئەندامانی سەركردایەتی پارتیمان بەڕێوەی دەبەن".
سكرتێری یەكیتی لاوان روونیشی كردەوە: "دەمانەوێت كادیرانی ئێمە لە كۆمەڵگا نموونە بن وەك مەرجەعی لاوان لەسەر شاشەكانی تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و سۆشیال میدیا، كاریگەرییان هەبێت لەسەر هەست و بیری نیشتیمانی لاوان، یەكیتی لاوانیش لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەسەر دەستی سەركردەی گەورەی كورد بارزانی نەمر لە ساڵی 1953 قۆناغ بە قۆناغ كادیری بەتوانای بۆ شۆڕش پێگەیاندووە، یەكەم قۆناغیش شۆڕشی ئەیلوول بووە و دواتر لە قۆناغی ڕاپەڕینی مەزنی گەلەكەمان و قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێنی دیكتاتۆر و درووستبوونی دامەزراوەی خۆماڵی و دامەزراوە شەرعییەكان، رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، ئێستاش سەردەمی مەدەنییەتە و كادیری بەتوانامان دەوێت كە دەبێت پەروەردە بكرێن".
سەبارەت بە ئامانجی بینینی خولی سەربازی لە لایەن كادیرانی یەكیتی لاوانەوە، ناوبراو دەڵێ: "دەمانەوێت هەر كادیرێكی ئێمە هەستی نیشتیمانی و پێشمەرگایەتی لە هزر و ناخیدا بێت، پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و پێشمەرگەكانی كوردستان پاش ڕاپەڕین ووڵاتێكی جوانیان پێشكەش بە لاوەكانی ئێمە كردووە و نابێت لاوانمان هەستی پێشمەرگایەتی لە هزریاندا نەبێت".
ناوبراو زیاتر گوتی: "لە خولی پێگەیاندنی كادیراندا زیاتر لە (400) كادیر لە هەردوو ڕەگەز بەشدارن و لە فێرگەی پڵنگەكانی زێرەڤانی خولەكە بەڕێوە دەچێت، لە مەراسیمێكی تایبەتیشدا خەڵات و بڕوانامەیان پێ دەدرێت، لە پاش خولەكەش پڕۆژەیەك پێشكەش بە حكوومەت دەكەین، كە ساڵانە خولی تایبەت بۆ لاوان بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاشنای ژیانی پێشمەرگایەتی بن و پەروەردەیەكی نیشتیمانی بكرێن و هەروەها هەموو لاوێكیش شەش مانگ خولی پیشەیی و سەربازی ببینێت، تاوەكو هەر لاوێك خوێندن تەواو بكات، بتوانێت ببێتە خاوەنی پیشەی خۆی".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە