پەیامی کورد... سەرۆکی ئوکرانیا: هەموو رۆژێک هێرش دەکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتهكهمان
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، سەرۆکی ئوکرانیا رایگەیاند کە سوپای رووسیا رۆژانە بەردەوامە لەسەر هێرشەکانی بۆسەر ژێرخانی هەستیاری وزەی ئۆکرانیا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامی رۆژانەیدا بۆ گەلەکەی کە درەنگانی شەو لە هەژماری تێلیێگرام بڵاوی کردەوە، باسی لەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا، پچڕانی کارەبا لە ئۆکرانیا درێژەی هەیە.
سەرۆکی ئوکرانیا باسی لەوە کرد کە سوپای رووسیا بەتایبەتی ژێرخانی وزە دەکاتە ئامانج و لە ناوچەی ئۆدیسا لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، هێرشیان ئەنجامداوە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، ئهوهشی وت: "لە کۆی 15 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە هێزەکانی رووسیا ئاڕاستەیان کردووە، 10 یان لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئۆکرانیاوە خراونەتەخوارەوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا، ژێرخانی وزە زیانی بەرکەوتووە، بههۆیهوه رەوشی ناوچەی ئۆدیسا زۆر سەختە''.
سەرۆکی ئوکرانیا، باسی لەوەش کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە کارەبا لە تەواوی ناوچەکە بڕاوە و وتی: ''لەئێستادا لە ئۆدیسا زیاتر لە 1،5 ملیۆن کەس بێ کارەبان، جگە لە ئۆدیسا لە زۆر ناوچەی دیکەی وڵات بەتایبەتی کیێڤ پچڕانی کارەبا درێژەی هەیە. رۆژانە بۆردومان بۆسەر ناوچە جیاوازەکان درێژەی هەیە، هێرشی مووشەکیی ئەنجام دەدرێت. بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش هێرش دەکەن. رۆژانە هێرش دەکرێتە سەر دامەزراوەکانی وزە''.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەروەها روونیشیكردهوه: بەچڕی کاردەکەن بۆ چاککردنەوەی ئەو دامەزراوانەی وزە کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەردەکەوێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە