500 پەنابەر دەگەڕێنرێنەوە کوردستان

500 پەنابەر دەگەڕێنرێنەوە کوردستان

ھەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا، بە ھاوبەشی پڕۆژەیەك جێبەجێ دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران و، بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەرانیش دەڵێ، لە ماوەی دوو ساڵدا، 500 لەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرێتییان رەت كراوەتەوە، دەگەڕێنینەوە ھەرێمی كوردستان.

 

شاكر یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی كۆچ و كۆچبەرانی ھەرێمی كوردستان، راگەیاند: "پڕۆژەیەكمان لە بەردەستە لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا بۆ ئەو كۆچبەرانەی لە ڕابردوودا چوونەتە ئەڵمانیا و مافی پەنابەرێتییان پێ نەدراوە و رەت كراوەتەوە، بە گوێرەی پڕۆژەكەیش، لە ماوەی دوو ساڵدا كە 500 كۆچبەری نایاسایی چوونەتە دەرەوە، پێویستە بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، چونكە بە ھۆی پێنەدانی مافی پەنابەرێتییەوە، مەترسی لەسەر پەنابەرانی ھەرێمی كوردستان ھەیە و گەڕانەوەكەیش ئارەزوومەندانەیە بۆ ھەر پەنابەرێك".
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "لە ھەوڵی ئەوەداین پڕۆژەكە بەرفراوانتر بكەین، بۆ ئەو مەبەستەیش داوامان لە وڵاتی  سوید كردووە و لە ساڵی پارەوە لەسەر ھێڵین تا لەگەڵ چەندین وڵاتی دیكەدا بگەینە رێككەوتن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی پەنابەرێتییان پێ نادرێت و دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ كوردستان، پێشتریش پڕۆژەمان ھەبووە لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا و ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو پەنابەر دەگەڕێنینەوە بۆ ھەرێمی كوردستان".

لەبارەی قوربانیانی رێگەی كۆچكردنەوە، یاسین گوتی: "ئەو ئامارانەی لە ھەندێ دەزگای مێدیاییدا بڵاو دەكرێنەوە، ھیی كۆنن و پێشتر چەند رووداوێك دروست بوون و بە داخەوە ژمارەیەك پەنابەری ھەرێم گیانیان لە دەست داوە، بەڵام تا دیاردەی كۆچ ھەبێت، ژمارەی قوربانیانیش بەرز دەبێتەوە".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە