پەیامی کورد … لە ڕۆژهەڵات ١٣ کەس سزیا بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپا
دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندکران و قامچی لێدانی بە سەر لانیکەم ١٣ کەس لە ناڕازییانی هێرشی سەربازیی تورکیە بۆ سەر رۆژاوای کوردستانی سەپاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە رۆژانی رابردوودا ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی "فواد یووسفی"، "ئەفشین رەحمانی"،"کەماڵ کۆنەپۆشی"، " سەید ئومید سەجادی"، " شەهاب زەمانی"، "موبین نادری"، "تاریق رۆستەمی"، "دیاکۆ تابا"، "هیمەت کەریمی"، "مێهدی تارقی"، " سەید ئومید حەقپەرست"، "عەلی یەعقووبی" و "محەمەد نادری" هەر یەکەو سزای شەش مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ زەربەی قامچیان بە سەردا سەپا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە رایگەیاند، ئەو سزایە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە رێگای کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزە ئەمنیەکان" و لە لایەن دادگای شۆڕش و گشتیی مەریوانەوە دەرچووە.
بە پێی حوکمی دەرکراو ئەو ١٣ هاووڵاتییە بە پێی مادەی ٦١٨ی یاسای سزا ئیسلامی هەر کامەیان بە شەش مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە کە به هۆی نەبوونی پێشینەی تاوان و پشتبەستراو بە مادەکانی ٥٥،٥٤،٥٢،٥٠،٤٩،٤٨،٤٦ ی یاسای سزای ئیسلامیی پەسندکراوی ٢٧١٣ (٢٠١٣)، حوکمەکان بۆ ماوەی یەکساڵ هەڵپەسێندراوە.
رۆژی هەینی ٢٠ی رەزبەری ٢٧١٩ ( ١٢ی ئوکتوبری ٢٠١٩) ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەریوانی لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە پارکی میللەتی ئەو شارە هێرشی سەربازیی تورکیەیان بۆ رۆژاوای کوردستان شەرمەزار کرد و ژمارەیەک لەو کەسانە ڕۆژانی دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە