پەیامی کورد... لە ١٠ مانگی ڕابردوودا ٢٨ بکوژ لە سزای سێدارە ڕزگاریان بووە
سەرۆکی دادی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٢٨ بکوژ لە سزای کوشتن وەکوو ئەنجامی تۆڵەسەندنەوە و لەسێدارەدان بەهۆی لێخۆشبوونەوە لە لەسێدارەدران ڕزگاریان بووە.
بە گوتەی پەرویز تەوەسولی زادە، سەرۆکی دادی پارێزگای کرماشان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەیەکی خەڵکی کرماشان بۆ برەودان بە کولتووری لەخۆبوردوویی و لێخۆشبوون لە کۆمەڵگەدا لە بکوژی کوڕەکەیان خۆشبوون.
ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٢٠١٩ کەسێکی دیکەی کوشتبوو، دوای دادگاییکردنی، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، بەڵام بنەماڵەی کوژراو بێ هیچ مەرجێک لە بکوژ خۆشبوون.
بەپێی یاسای ئێران، ئەگەر بسەلمێت کەسێک کەسێکی دیکەی کوشتووە، ئەوە بکوژ سزای کوشتنی وەکوو تۆڵەسەندنەوە بەسەردا دەسەپێندرێت و بنەماڵەی کوژراو بڕە پارەیەک دەدەن بۆ ئەوەی بکوژ لە سێدارە بدرێت.
لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێخۆشبوون لە بکوژان زیاتر بووە. لە سنە کۆمەڵێک چالاکوان توانیویانە چەندین کەس لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە ڕزگار بکەن و لێخۆشبوون بۆ بکوژ وەربگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ساڵی ٢٠٢١ لەو وڵاتە ٢٩٩ کەس لە سێدارە دراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە