پەیامی کورد... دایکی ئارمیتا گەڕاوەند لە نەخۆشخانەیەكی تاران دەستگیر کرا
دایکی (ئارمیتا گەڕاوەند)ی تەمەن 16 ساڵ، کە ئێستا لە نەخۆشخانەی فەجری تاران لە کۆمادایە، لەلایەن هێز ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كراوە.
ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 4/10/2023، شەهێن ئەحمەدی، دایکی ئارمیتا گەڕاوەند، لە نەخۆشخانەی (فەجر)ی تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كراوە و بۆ شوێنکی نادیار گواستراوەتەوە.
پێشتر هەمان ڕێكخراو بڵاوی كردبووەوە: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كچێكی تەمەن 16 ساڵی كورد بە ناوی (ئارمیتا گەڕاوەند) كە خەڵكی كرماشانە و دانیشتووی تاران، لە کاتێکدا ویستوویەتی بە مێترۆ بۆ قوتابخانە بچێت، لەناو مێترۆی (شوهەدا) لە تاران بە بیانووی ڕەچاونەکردن و نەپۆشینی سەرپۆشەوە، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی شارەكەوە لێی دراوە، ئێستاش بەهۆی ئەو لێدانەوە، لە نەخۆشخانەیەكی شارەكە لە كۆمادایە."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەم ڕووداوە باس و خواسێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و زۆر كەس دەڵێن كە چیرۆكێكی هاوشێوەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییە و دووبارە دەبێتەوە.
ساڵێك پێش ئێستا، كچە گەنجێكی كورد، بە ناوی (ژینا ئەمینی)، بە بیانووی نەپۆشینی سەرپۆشەوە، لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران دەستگیر كرا، پاشان گیانی لەدەست دا و كەسوكارەكەی و چالاكوانان ڕایانگەیاند كە لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو ئێران و سەرانسەری جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە