پەیامی کورد... ئۆکراینا هەواڵی گیان لەدەستدانی ٢٤ منداڵی دیکە لە ماریوپۆڵ ڕادەگەیەنێت
ئۆفیسی داواکاری گشتی ئۆکراینا وتی هەواڵی گیان لەدەستدانی ٢٤ منداڵی دیکەی لە شاری ماریوپۆڵ پێگەیشتووە، ئەو شارەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لەلایەن ڕووسیاوە گەمارۆ درا و بۆردوومان کرا و دواتر لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا کەوتە ژێر دەستی ڕووسیاوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە ئۆفیسی داواکاری گشتی ئۆکراینا ڕایگەیاندوە: لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکراینا تاوەکوو ئێستا لانی کەم ٢٨٧ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ٤٩٢ منداڵی دیکە برینداربوون.
ئاماژە بەوەشکراوە: " لە ماوەی تۆمارکردنی تاوانکارییەکاندا، زانراوە کە ٢٤ منداڵی دیکە لە ماریوپۆڵ و هەرێمی دۆنێتسک گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سوپای ڕووسیادا."
ئەوەش هاتووە: " ئەم ژمارانە کۆتایی نین، لە کاتێکدا کە کارەکان بەردەوامن لەو شوێنانەدا کە شەڕ و پێکدادانی تێدایە و لەو شوێنانەشدا کە بۆ ماوەیەکی کاتی داگیرکراون و ئەو ناوچانەشی کە ئازادکراون."
ڕۆیتەرز ئەوەشی بڵاوکردۆتەوە کە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ئۆفیسی داواکاری گشتی ئۆکراینا پشتڕاست بکاتەوە.
جێی باسەلە سەرەتای مانگی شەشدا نەتەوە یەکگرتووەکان وتی زیاتر لە ٢٥٠ منداڵ لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە، پێنج ملیۆنی دیکە ڕووبەڕووی مەترسیی توندوتیژی و سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە