پەرلەمانتارێکی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژە بەوە دەدات، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵی لە دیاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەبووە، کەرکووکیش بە مەرجی وەرگرتنی سلێمانی لەلایەن یەکێتییەوە، فرۆشراوەتە ئێران.
عادل عەزیز، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”بزووتنەوەکەمان سوورە لەسەر ڕازی نەبوون بەو دەرئەنجامەی کە لەشاری سلێمانی ڕاگەیندراوە، چوونکە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی، لە بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی ھەبووە“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئەوەشی خستە ڕوو، کە ڕێککەوتنێک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبووە، دەشڵێت: "ئەو ڕاستییەی کە ناشاردێتەوە ئەوەیە لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە کەرکووک بە مەرجی وەرگرتنی سلێمانی، فرۆشراوەتە ئێران".
ئاشکراشی کرد، ئەگەر کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامیان نەدەنەوە، ئەوا ”زۆر“ بژاردەی دیکە لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەیە، کە یەکێک لەوانە ”کشانەوەیانە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق".
ئێوارەی دوێنی شەممە ١٢\٥\٢٠١٨، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرجەم حزبەکان جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەنجامەکان ناواقیعین و ساختەکاری لە بەرژەوەندی حزبێک کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە