نەتەوە یەکگرتووەکان: هەشت هەزار و 400 کەسی مەدەنی لە شەڕی ئۆکراینادا کوژراون

نەتەوە یەکگرتووەکان: هەشت هەزار و 400 کەسی مەدەنی لە شەڕی ئۆکراینادا کوژراون

پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: هەشت هەزار و 400 کەسی مەدەنی لە شەڕی ئۆکراینادا کوژراون


کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک ئاماژەی بەوە کرد کە پشتڕاستکراوە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە کە هێشتا درێژەی هەیە هەشت هەزار و 400 کەسی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 14 هەزاری دیکەش برینداربوون.

لە چوارچێوەی 52مین دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئۆکراینا، تورک گوتارێکی پێشکەش کرد.

باسی لەوە کرد کە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە مرۆڤ و پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی ڕووسیاوە لە جەنگی دژ بە ئۆکراینادا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بووەتە کارێکی ڕۆتینی و داتاکانی جەنگەکەی هەر لە شوباتی 2022ەوە تا ئێستا خستەڕوو.

وتیشی: ''لە کاتێکدا تا ئێستا کوژرانی هەشت هەزار و 400 مەدەنی پشتڕاستکراوەتەوە، هاوکات پشتڕاستی برینداربوونی زیاتر لە 14 هەزار کەسیش کراوەتەوە. ئەم ژمارانە تەنیا بەشی بینراوی شاخە سەهۆڵین''.

ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا، نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ بەڵگەیەکی زۆری لە بارەی ڕووداوی کوشتنی بێ دادگایی و هێرشی بە ئامانجگرتن کۆ کردووەتەوە کە لە ناوچەکانی ئۆکراینا لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا کە گرووپە چەکدارەکانی وەک واگنەریشیان تێدایە دژ هاووڵاتییانی ئەنجامدراوە و گوتی: ''لەو ماوەیەشدا، 621 دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنبوون ڕوویداوە''.

ڕاشیگەیاندوە: ''بەپێی دیمانەیەک کە لەگەڵ 89 کەسی مەدەنی ئەنجامدراوە، سەدا 91ی ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن سەربازانی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە یان مامەڵەی خراپ بوونەتەوە''.

تورک باسی لەوە کرد کە بەڵگەیان لەسەر 109 ڕووداوی توندوتیژی سێکسی کۆ کردووەتەوە کە سەربازانی ڕووسی تێدا تێوەگلاون، زۆربەی ڕووداوەکانیش لە شوێنی دەستگیرکردنەکان ڕوویداوە و سێ کەس لەوانە ڕووبەڕووی ئەمە بوونەتەوە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون. کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان تورک، ئەوەشی خستەڕوو کە بەڵگە لەسەر 91 ڕووداوی بێسەروشوێن بوون و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی کۆکراوەتەوە کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە ئەنجامدراوە. گوتیشی: ''لە کۆی 73 قوربانیی سەدا 53یان لەلایەن سەربازانی ئکراینییەوە ئەشکەنجە دراون یان ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، هەروەها ئۆکراینییەکان تێوەگلاون لە 24 ڕووداوی توندوتیژی سێکسی''.

ئەوەشی وتوە کە نووسینگەکانی مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتن لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زیاتر لە 400 دیلی جەنگ کردووە، سەدا 90ی دیلە ئۆکراینییەکان ئەشکەنجەدراون یان ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ بوونەتەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ناو دیلە ڕووسەکاندا سەدا 50 ە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە