وەزیری دارایی و ئابووری هەرێــمی کوردستان ... داهات زیادی کردووە و مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێــمی کوردستان  ...   داهات زیادی کردووە و مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت

پەیامی کورد   ...    رێباز حەملان وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە، یەك ملیار و 60 ملیۆن دۆلار قەرزمانداوەتەوە و دەشڵێت رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند و بەردەوامین لە ریفۆرم لە گومرگ و دەروازەكان و باج، بەو هۆیەشەوە داهات بەرێژەیەكی بەرچاو زیادیكردوە.

بەپێی راگەێندراوێكی وەزارەتی دارایی ، لە كۆبونەوەی نێوان رێباز حەملان و بینوا ژێنڤۆ ، جێگری بەرپرسی بەشی ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا لەگەڵ وەفدێكی كونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیندراوەكە جێگری بەرپرسی بەشی ئابووری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دارایی فەڕەنسا دەستخۆشی لە وەزیری دارایی و ئابووری كردووە كە لەكاتە سەختەكان ئەركەكانی بەسەركەوتووانە ئەنجامداوە، بەتایبەت لەوكاتەی قەیرانی دارایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە.

سەبارەت بە قەیرانی دارایی رێباز حەملان، رایگەیاندوە، "رۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند، بەردەوامین لە ریفۆرم لە گومرۆک و دەروازەكان و باج، ئەمەش وایكردوە داهات بەرێژەیەكی بەرچاو زیاد بكات و بەردەوامیش دەبین لە چاكسازیكردن".

وەزیری دارایی هەرێم دەشڵێت، لە ئێستادا مووچە لەكاتی خۆیدا دەدرێت، توانراوە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بدرێتەوە لەگەڵ 300 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ناوخۆو بیانی و 260 ملیۆن دۆلاری  قەرزی بانكە  ئەهلیەكان.

سەبارەت بە پڕۆژە یاسایی بوودجەش وەزیری دارایی و ئابووری ڕوونیكردەوە، پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2019 ئامادەیە و لە چاوەڕوانی كابینەی نوێی حكومەتدایە و خەرجی حكوومەتیش لە 18 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە بۆ 14 ترلیۆن دینار.

وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر كرد كە لە بواری نەوتدا لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و هەرچی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووریش ڕێككەوتن كراوە لەسەر پێناسەی گومرگی و یەك پێناسەی گومرگی هاوبەش جێبەجێدەكرێت.

لەسەر ناردنی موچە وەزیری دارایی وتویەتی، بەغداد 453 ملیار دینار بۆ موچە دەنێرێت، بەڵام ئێمە بۆ موچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە، تایبەت بە مووچەی پێشمەرگەش لە یاسای بوودجەی عێراق 68 ملیار دیناری مانگانە دیاریكراوە، بەڵام مانگانە 150 ملیار دینار بۆ موچەی پێشمەرگە پێویستە، هەرچەندە تاوكوو ئێستا بەغداد هیچ بڕە پارەیەكی بۆ مووچەی پێشمەرگە نەناردووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە