پەیامی کورد ... هاتوو چوونی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی لەم کاتەدا دەست پێدەکەنەوە
بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ڕایگەیاند : لە ئەمڕۆوە ھاتووچۆکردن لە مەرزەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەستی پێکردۆتەوە، بەڵام ھاتوچۆکردنەکە بە شێوەیەکی گشتی نییە و سنووردار کراوە.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، ڕایگەیاند : "بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، وەکوو ھەنگاوی یەکەم بڕیار دراوە ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە ھاتووچۆ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بکەن، بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە پڕۆژەکان کار دەکەن یاخود ئەندازیارن یان بازرگانن یاخود ئیقامەیان ھەیە یاخود نەخۆشن، رێگایان پێدەدرێت بچن بۆ ئێران و بگەڕێنەوە و بە پێچەوانەشەوە ئێرانیش رێگرییان لێ ناکات و ئاسانکارییان بۆ دەکات، کە خەڵکی ئێمە له ئێرانەوە بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و لە سنوورەکانی ئێمەش پێشوازییان لێ دەکرێت".
ئاکرەیی ووتیشی: "وەکوو ھەنگاوی یەکەم ھاتووچۆکردن سنووردار دەبێت و بڕیارە بە قۆناغ ھاتووچۆکردن ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا تەنھا بەو شێوەیە دەبێت تا رێنمایی نوێ دەردەچێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییشەوە ئاماژەی دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە و لە ئێستادا زیاتر ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکرێت بۆ ھاتووچۆکردن و ھاوردەکردنی کەلوپەل، لە ھەر سنوورێکیش رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ بارھەڵگر کەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و ئێران دەگاتە ٤ملیار دۆلار.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە