لە ڕۆژهەڵات تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتە ئاراوە

لە ڕۆژهەڵات تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتە ئاراوە

پەیامی کورد ... لە ڕۆژهەڵات تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتە ئاراوە


لە ئاکامی تێکڵەچوونێکی قورسی چەکدارانە لە بەرزاییەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوا چەند ئەندامێكی حیزبێكی کوردستانی گیانیان لە دەست داوە و کەسێکیشیان بە دیل گیراوە. 

 

بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٢٠ی رەزبەری ٢٧٢٠( ١١ی ئوکتوبری ٢٠٢٠)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی حیزبێکی کوردستانی لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی سەوڵاوا لە پارێزگای سنە هاتۆتە ئاراوە. لە ئاکامی ئەو تێکهەڵچوونەدا لانیکەم سێ ئەندامی ئەو حیزبە کوردستانییە گیانیان لە دەست داوە.

 

سەرچاوەکان هەروەها راشیانگەیاند کە ئەندامێکی دیکەی ئەو حیزبە کوردستانییە بە سەختی بریندار و دواتر لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە دیل گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار بەڕێ کراوە. 

 

بە پێی بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی هەنگاو، کۆماری ئیسلامی لە تێکەڵچوونی چەکداری لە نێوخۆی وڵات بە هیچ چەشنە مافێکی مرۆڤتەوەرانەی تایبەت بە مافی بە دیلگیراوان و بریندارکراوەکان پێبەند نیە. 

 

 شایانی باسە کە سوپای پاسداران پاش ئەو تێکهەڵچوونە، بەرزاییەکانی کۆساڵانی تۆپباران کردووە. راپۆرتەکانیش باس لەوە ئەکەن کە سوپای پاسداران رۆژی دووشەممەش بەرزاییەکانی نزیک شاری مەریوانی تۆپباران کردووە. 

تا کاتی گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی بەرپرسایەتیی ئەو تێکهەڵچوونەوەی وەئەستۆ نەگرتووە و راگەیاندنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیش لەم بارەوە هەواڵێکیان بڵاو نەکردۆتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە