لە لیستە نوێیەکەی موستەفا کازمی ئاماژە بە هیچ کوردێک نەکراوە

لە لیستە نوێیەکەی موستەفا کازمی ئاماژە بە هیچ کوردێک نەکراوە

پەیامی کورد     ...    لە لیستە نوێیەکەی موستەفا کازمی ئاماژە بە هیچ کوردێک نەکراوە 

لیستێكی نوێی ناوی كاندیدانی كابینەكەی مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بۆ پۆستە وزارییەكان بڵاوكرایەوە و كاندیدی وەزیری دارایی، كە بڕیارە بە كورد بدرێت و پشكی پارتییە، بە بەتاڵی ماوەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك، كە لە میدیاكانی عیراقەوە بڵاوبوەتەوە و بە فەرمی پشتڕاستنەكراوەتەوە، ناوی كاندیدانی حكومەتەكەی كازمی بۆ پۆستە وزارییەكان ئاشكراكراوە و تەواوی وەزارەتەكان كاندیدیان بۆ یەكلاكراوەتەوە، جگە لە وەزارەتی دارایی، كە بڕیارە بدرێت بە كورد و پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێشتریش شیعەكان داوای گۆڕینی فوئاد حسێن-یان دەكرد و دیارنییە لەوبارەیەوە دوایین پێشهات چییە.
قسەی جیاوازیش لەسەر وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ هەن، هەندێك میدیا بڵاویانكردوەتەوە، كازمی كاندیدەكانی یەكلاكردوەتەوە و رازیبوونی لایەنە سیاسییەكانی ماوە، بەڵام بەشێك لە سەرچاوەكانی هەواڵ و كەسایەتییە سیاسییەكانی دیكە دوپاتیدەكەنەوە، جگە لە وەزارەتی دارایی، وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریش تائێستا بێ كاندیدن، كە بەرگری پشكی سوننەكانە و ناوخۆ دەدرێت بە لایەنێكی شیعی.
بڕیاریشە ئەم ئێوارەیە لایەنە شیعییەكان لەسەر ئەو لیستە نوێیەی كاندیدانی حكومەتەكەی كازمی كۆببنەوە و بڕیاری لەبارەوە بدەن.
موستەفا كازمی لە رۆژی ٩ی نیسان بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرا، بەپێی مادەی ٧٦ی دەستوری عیراق، ٣٠ رۆژی لەبەردەستە بۆئەوەی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات و دەنگی لەسەربدرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، كازمی ئاشكرایكرد، كارنامەی كابینە وزارییەكەی رەوانەی پەرلەمان كردوە، كارنامەكەش لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە وەرگیراوە و چاوەڕێی كاندیدانی حكومەتەكەی دەكەن، بۆ دیاریكردنی كاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكە و كارنامەكەی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە