لیژنەیەکی باڵا لەوەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە سەردانی ھەرێم دەکاتەوە بۆ گرتبەری رێوشوێنەکانی دروستکردنی دوو بەڕێوەبەرایەتی لەھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرو سلێمانی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و گواستنەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت: ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سەر بەبەغدا دەبێت و بۆ ئاسانکاری ئیشوکارەکان دەکرێتەوە.
ھەرێم و بەغدا لەسەر شەش خاڵ رێککەوتن بۆ کردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێرو سلێمانی، یەکێک لەو خاڵانەش کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەھەردوو فڕۆکەخانەکەدا بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی چاودێری فڕۆکەخانەکان) کە بەڕێوەبەرەکەی پلەی عەمیدی دەبێت و چەند ئەفسەرو پۆلیسێکیشی بۆ دادەمەزرێنرێت.
د.بێستون عادل سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و گواستنەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند: چاوەڕواندەکرێت رۆژی یەکشەممەی داھاتوو فەریق موفەق عەبدولھادی سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆو ھەردوو بەڕێوەبەری رەگەزنامەی ھەولێرو سلێمانی کۆبێتەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی دروستکردنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
وتیشی: "ھەندێک ئەفسەرو پۆلیسی گومرگ و پاسپۆرت دەھێنرێتە ناو ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە، بۆ ئاسانکاری ئیشوکارەکان، بەڵام مەرج نییە ھەموویان لەبەغداوە بێن، بەڵکو ئەفسەری کوردیشیان تێدا دەبێت”.
سەبارەت بەوەی ئایا بەڕێوەبەرایەتییەکە سەر بەکوێ دەبێت، د.بێستون عادل وتی: “ئەم بەڕێوەبەرایەتییە سەباری ئەوەی لەھەرێمی کوردستاندا دەبێت، بەڵام سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عیراق دەبێت”.
وتیشی:”رۆژی یەکشەممە ئەو لیژنە باڵایەی لەبەغداوە دێت، سەیری سیڤی ئەو ئەفسەرانەی رەگەزنامەو پاسپۆرت دەکات کە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییەو میلاکی سەرجەمیان دەخرێتەسەر بەغدا”.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە